بەشار ئەسەد بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە چین

K24 - هەولێر

بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی چین، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا، دوای 20 ساڵ بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە چین.

ئەسەد لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی دایە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە، لە دوای رووسیا و ئێران چینیش سێیەم وڵاتە کە ئەسەد سەردانی دەکات، چونکە دیارترین هاوپەیمانی دیمەشقن، کە پاڵپشتی ئابووری و سەربازی پێشکەشی ئەو وڵاتە دەکەن، بەمەش هاوسەنگی شەڕەکەی گۆڕیوە لە بەرژەوەندی خۆیدا.

ئەم سەردانەی بەشار ئەسەد، لە چوارچێوەی گەڕانەوەی وردە وردە دێت بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، کە  ماوەی ساڵێکە دەستی بەسەردانەکان کردووەتەوە. چونکە بەهۆی شەری 12 ساڵەی وڵاتەکەیەوە سزای نێودەوڵەتی بەسەردا سەپێنرابوو نەیدەتوانی سەردانی وڵاتان بکات.

سەرۆککۆماری سووریا، ئەسمای هاوسەری و وەفدێکی سیاسی و ئابووری یاوەرییان کردووە بۆ چین. سەردانەکە کۆبوونەوە و بۆنەکانی شارەکانی هانگژۆ و پەکین لەخۆدەگرێت.

چین تاوەکو ئێستا لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی دیمەشقی کردووە، چەندین جار خۆی لە دەنگدان بە بڕیارەکان لە دژی سووریا بەدوور گرت و شانبەشانی ڕووسیا ڤیتۆی خۆی بەکارهێنا بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.

لەلایەکی دیکەوە خۆپیشاندەرانی پارێزگای سوەیدا، بە زمانی چینی و ئینگلیزی و عەرەبی، چەند درووشمێکیان بەرزکردبوویەوە تێدا نوسرابوو "گرنگ نییە مەڕۆ بۆ چین، وەرە سوەیدا" مەبەستیان بەشار ئەسەدە، هەروەها  داواکارییە جەماوەرییەکان لە گۆڕەپانی کەرەمە لە ناوەندی شاری سوەیدا جەخت لە گۆڕانکاری سیاسی و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەنەوە.

خۆپیشاندەرانی سوەیدا
خۆپیشاندەرانی سوەیدا