نەخشەی گووگڵ بە هۆکاری رووداوێکی دڵتەزێن تۆمەتبار کرا  

K24 – هەولێر:

پیاوێک لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور لە ئەمەریکا، دوای لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی بەناو پردێکی داڕماو گیانی لەدەستدا، کە بەپێی رێنماییەکانی نەخشەی گووگڵ بەناو پردەکەدا رۆیشتبوو، بنەماڵەکەی سکاڵایان لەسەر کۆمپانیای گووگڵ تۆمارکرد و دەڵێن، کۆمپانیاکە لە داڕمانی پردەکە ئاگادارکرابووەوە، بەڵام سیستەمەکەی خۆی نوێ نەکردبووەوە.

فیلیپ پاکسۆن، نوێنەری فرۆشتن بوو لە کۆمپانیاییەک، هاوکات باوکی دوو کچ بوو، لە (30ـیی ئەیلوولی 2022)، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە "سه‌نۆ كرێك" له‌ ناوچه‌ی هیكۆری بەهۆی چوونی بۆناو پردێکی داڕماو کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا، بەڵام خێزانەکەی لە رۆژێ سێشەممە (19ـی ئەیلوولی 2023) سکاڵای یاساییان لەسەر کۆمپانیای گووڵ لە دادگای باڵای "وەیک" تۆمارکرد

پاکسۆن لە ئاهەنگی لەدایکبوونی کچەکەی دەگەڕایەوە ماڵەوە کاتێک نەخشەی گووگڵ ئاڕاستەی کرد کە پردەکە ببڕێت، کە نۆ ساڵ لەمەوبەر تا ئەو رۆژە داڕماوە و تا ئێستا چاک نەکراوەتەوە.

هاوسەرەکەی ئەلیسیا پاکسۆن لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، دوو کچەکەمان پرسیار دەکەن کە باوکیان چۆن و بۆچی مردووە، منیش نازانم وەڵامی چی بدەمەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەم بابەتە تێبگەن.

هاوکات راشیگەیاند، سکاڵایان لەسەر کۆمپانیای گووگڵ تۆمارکرد، بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکە لە داڕمانی پردەکە پێشتر ئاگادارکرابووەوە.

ئەفسەرانی پۆلیسی ویلایەتی کارۆلینای باکوور کە تەرمی پاکسۆنیان لەناو ئۆتۆمبێلە نیمچە ژێرئاوکەوتووەکەیدا دۆزیەوە، دەڵێن هیچ بەربەستێک و هێمایەکی ئاگادارکردنەوە بەدرێژایی رێگاکە نەبووە.

بەرپرسانی ئەم ویلایەتە رایانگەیاند، کە پردەکە نابێتە دووبارە دروست بکرێتەوە، جا بە بڕیاری بەرپرسانی ناوخۆیی یان ویلایەتی بێت و ئەو کۆمپانیایە گەشەپێدانەی کە سەرەتا دروستی کردووە هەڵوەشاوەتەوە.  لە داواکارییەکەی داگادا ناوی چەند کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەڕێوەبردنی موڵک و ماڵ هاتووە کە دەوترێت بەرپرسیارن لە پردەکە و زەوییەکانی نزیکی.

لە داواکارییەکەدا هەروەها هاتووە، چەند کەسێک لە ساڵانی پێش مردنی پاکسۆندا هەواڵی داڕمانی پردەکەیان بە نەخشەی گووگڵ داوە و داوایان لە کۆمپانیاکە کردووە کە زانیارییەکانی رێگاکە نوێ بکاتەوە.

بەپێی مەرجەکانی سیاسەتی بەکارهێنانی نەخشەکانی گووگڵ، "دەبێت مەترسی لە کاتی بەکارهێنانی داتاکانی نەخشەدا گریمانە بکرێت".