تورکیا پەنابەرانی سووری لە ئیستانبوڵ دووردەخاتەوە

K24 – هەولێر:
فەرمانگەی کۆچی تورکیا رایگەیاند، هەر پەنابەرێکی سووریا تۆمارەکەی لە پارێزگایەکی دیکە بێت و لە ئیستانبوڵ نیشتەجێ بێت، رەوانی شوێنی خۆی دەکرێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا فەرمانگەی کۆچی تورکیا ئاشکرای کرد، کۆتا مۆڵەت بۆ ئەو پەنابەرانەی سووریا 24ـی ئەم مانگەیە کە تۆمارەکانیان لە پارێزگایەکی دیکەیە و لە ئیستانبوڵ دەژین، لە دوای 24ـی ئەیلوولەوە سەرجەمیان دەستگیر دەکرێن و رەوانەی پارێزگاکانی خۆیان دەکرێنەوە و لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.
هاوکات فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هۆشدارینامەکە لە 28ـی تەمموزی ئەمساڵ لەلایەن پارێزگای ئیستانبوڵەوە بڵاوکراوەتەوە و ئامانج لەو بڕیارە، کەمکردنەوەی رێژەی پەنابەرانە لەو پارێزگایە.
هەروەها فەرمانگەی کۆچی تورکیا روونیکردووەتەوە، ئەو پەنابەرانەی لە ناوچە زیانپێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی ئەمساڵەوە هاتوون، مامەڵەیەکی جیایان لەگەڵ دەکرێت و ئەوان لە چوارچێوەی ئەم بریارەدا نین.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، سێ ملیۆن و 288 هەزار و 755 پەنابەری سووریا لە تورکیا دەژین، لەوانە زیاتر لە 530 هەزاریان لە پارێزگای ئیستانبوڵن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ دیپۆرتی وڵاتی خۆیان کراون 46 هەزار و 633 کەسن کە 15 هەزار و 28 کۆچبەر خەڵکی ئەفغانستانن، هەزار و 952 کەس خەڵکی پاکستانن و 29 هەزار و 653 کەسی دیکەش سەر بە وڵاتانی دیکەن. هاوکات لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ رێگری لە هاتنی 116 هەزار و 421 کەس کراوە.