زێدان برادۆستی: دانیشتووانی برادۆست داوا دەکەن چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکانیان نەمێنن

زێدان برادۆستی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
زێدان برادۆستی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، جموجۆڵی چەکدارانی پەکەکە بووەتە هۆی مەترسی بۆسەر ژیانی هاووڵاتییان، ئاماژەی بەوەشدا، %40ـی گوندەکانی دەڤەری برادۆست چۆڵکراون و ئەم چۆڵەوانییەش لایەنێکی دەروونی خراپی بۆ خەڵک دروستکردووە. هاوکات دەشڵێت: پەکەکە شەڕی خۆکوژی دەکات.

زێدان برادۆستی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، "لەدوای راپەڕین لە ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا خاڵە سنووریەکان بە گشتی و بە تایبەت لە پارێزگای هەولێر، دەڤەری برادۆستیش کە یەکێکە لەو بەشانەی کە سێگۆشەی سنووری وەرگرتییە لەنێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا، خەڵکی ناووچەکە هەمیشە بوونەتە قوربانی، هەروەها ئەم شوێنە وەکو رووێکی جوگرافی بۆ هەرێمی کوردستان هەمیشە بووەتە کێشە و گرفت لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها راشیگەیاند، هێزەکانی پەکەکە و هێزەکانی رۆژهەڵاتیش لەو دەڤەرەدا نیشتەجێبوونە، ببوونە هۆکارێک بۆ لەشکرکێشی تورکیا بۆ ئەو دەڤەرە و بەردەوام تۆپباران دەکرا، خەڵکی ئەم دەڤەرەش بەهۆکاری بوونی پەکەکە بەردەوام بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆری ماددیشیان کردووە بەهۆی وێرانکردنی زەویوزار و ماڵەکانیان.

ئاماژەی بەوەدا، بەم هۆکارەوەش %40ـی گوندەکانی دەڤەری سیدەکان چۆڵکراون، ئەم چۆڵەوانییەش لایەنێکی دەروونی خراپی بۆ خەڵک دروستکردووە، خەڵک داوا دەکات بە کۆی گشتی هێزە چەکدارەکان پەکەکە و هەر هێزێکی دیکە لەو دەڤەرە بکشێنەوە.

زێدان برادۆستی، دەڵێت: لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا لەو دەڤەرە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا نزیکەی 30 شەهیدمان داوە، هەروەها دەیان بریندارمان هەیە.

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، کۆی خەڵکی دەڤەری برادۆست داوا دەکەن هێزی چەکداری سیاسی هەم لەلایان پەکەکە و هەمیش تورکیا لەو خاڵانەدا بکشێنەوە و هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە جێبهێڵن و کێشەکانی خۆیان ببەنە ناو سنووری خۆیان.

زێدان برادۆستی، گوتی: ئاستی هێزی سەربازی نێوان تورکیا و پەکەکە زۆر لەیەکترەوە جیاوازە، ئەو شەڕەی کە پەکەکە دەیکات شەڕێکی خۆکوژییە، جگە لەوەی گەریلاکانی خۆی بە کوشتن دەدات، خەڵکی دیکەش بە کوشتن دەدات، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، تا ئێستا پەکەکە نەیتوانیوە هێرشێکی سەرکەوتوو ئەنجامبدات و زیانەکەی زیاتر بۆ خەڵک بووە.

گوتیشی: حکومەتی عێراق لە داواکاری خەڵکی ئەم دەڤەری برادۆست و لە داواکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کەمتەرخەم بووە، چونکە بەهۆی بارودۆخی سیاسی خۆی پشتگیری هێزەکانی پەکەکە دەکات، بۆ ئەوەی بوونیان هەبێت لەو ناوچەیە، بەڵام بینیمان بەرامبەر بە هێزەکانی رۆژهەڵاتی چەند پەلەی تێدا کرد کە زوو چەکیان لێ بستێندرێتەوە و بیانگوازێتەوە بۆ کەمپەکان، پێویستە ئەم هەڵوێستەش بەرامبەر بە هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی ئەنجام بدرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، داواکارە لە حکومەتی عێراقی وەکو خاڵێکی سیادی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق، بێتە سەر هێل و ئەم ناوچە سنوورییانە و هێزی پاسەوانی سنوور رێگەیان پێ بدرێت بچن لە کۆتا خاڵی سنووری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بن، ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی پەکەکە ئامادەنیینە رێگە بە هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووریش بدەن بچنە ئەو خاڵانەی کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستانن.