بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بۆ سەدا 30 بەرزکردەوە

K24 – هەولێر:
بەهۆی بەردەوامی بەزی رێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە وڵاتەکە، بانکی ناوەندیی تورکیا بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بۆ 30%.
رۆژی پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، ئەنجوومەنی سیاسەتی دراو لە بانکی ناوەندیی تورکیا، رێژەی سوودی بانکی بە بەراورد لەگەڵ رابردوو 500 خاڵی زیادکرد و رێژەکەی لە 25%ـەوە بۆ 30% بەرزکردەوە.
لە راگەیەندراوێکدا ئەنجوومەنی سیاسەتی دراو لە بانکی ناوەندیی تورکیا ئاماژە بەوەکردووە، بە پێچەوانەی پێشبینییەکانیانەوە تا ئێستا رێژەی هەڵاوسان بەرزە و سەرجەم هەوڵەکانیشیان بۆ دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان و سەقامگیری نرخی دراو و دۆخی ئابوورییە لە تورکیا.
بڕیارەکە لەکاتێکدایە، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دوای 27 مانگ، بانکی ناوەندی تورکیا ریژەی سوودی لە 8.5%ـەوە بۆ 16.5% بەرزکردبووەوە و لە مانگی تەمموزی رابردووش رێژەکەی بۆ 17.5% بەرزکردەوە، دواجاریش رێژەی سوودی بانکی لە مانگی ئاب بۆ 25% بەرزکردەوە.
رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا و بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنی و کەلوپەلەکان و دابەزینی بەهای لیرە، دۆخی هاووڵاتییانی زەحمەتکردووە بەشێوەیەک لە دوو ساڵی رابردوودا، لیرەی تورکی دوو هێندەی خۆی زیاتر بەهاکەی لەدەستداوە.
هەرچەندە رۆژی پێنجشەممە (31ـی 8ـی 2023)، ئاژانسی فەرمیی تورکیا رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی شاندی حکومەت و سەندیکاکان، ئەنجوومەنی دادوەریی نێوان هەردوولا بڕیاریدا بە زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە رێژەی 15% بۆ نیوەی یەکەم و 10% بۆ نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوو. هاوکات ئەنجوومەنی ناوبراو بۆ ساڵی 2025 بڕەکەی کەم کردووەتەوە و بەو پێیەش لە شەش مانگی یەکەم 6% و بۆ شەش مانگی کۆتاییش 5% دەبێت، ئەمەش دوای ئەوە هات لە جەژنی قوربانی ئەمساڵیش، بڕیاری زیادکردنی مووچەی دەرکرد.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی چوار ملیۆن فەرمانبەری حکومەت و دوو ملیۆن و نیو فەرمانبەری خانەنشینکراو لە تورکیا هەن و بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی ئێستا لەو وڵاتە هەیە، بەشێوەیەکی زەحمەت بژێوی ژیان و گوزەرانیان بەڕێدەکەن، کە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خواردەمەنی و هۆکارەکانی گواستنەوە، وایکردووە مووچەکانیان بەشی پێدوایستییەکانی رۆژانەیان نەکات.