سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كۆنگۆ:  پێویسته‌ كورد ده‌نگی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌بێت

ئەندرێ مانگو، سەرۆکی پەرلەمانی کۆنگۆ
ئەندرێ مانگو، سەرۆکی پەرلەمانی کۆنگۆ

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كۆنگۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، گرنگە خەڵکی کوردستان لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگیان هه‌بێت، ده‌شڵێت پێویستە هەمووان لە جیهانێکی باشتردا بژین.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 21ـی ئه‌یلوولی 2023) ئەندرێ مانگو، سەرۆکی پەرلەمانی کۆنگۆ له‌ شاری نیویۆركی ئه‌مه‌ریكا و له‌ په‌راوێزی 78ـه‌مین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌  تایبه‌ت‌ به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، زۆر گرنگە بۆ هەموو لایەنەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیان هەبێت، بەتایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كۆنگۆ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لە تەواوی جیهان پێویستیان به‌ ئاسایش و ئاشتی هەیە و به‌ پێویستیشی، هەمووان لە جیهانێکی باشتردا بژین.

ئەندرێ مانگو له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ كرد، پرسی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بنەمای سەرەکی مافی مرۆڤن بۆ هەموو کەسێک، لەناویشیاندا گەلی کورد. بۆیه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پێویستە هەمووان بۆ جیهانێکی باشتر بجەنگن.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی گۆنگۆ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئه‌وان لە ئەفریقا  گرنگی بە دۆزی خەڵکی کوردستان دەدەن، به‌وپێیه‌ی هەمووان بەشێکن لە مرۆڤایەتی.

سەرۆکی پەرلەمانی کۆنگۆ هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خەڵکی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی هەژاری و، گەیشتنیان بە دیموکراسی و ئازادی خواست.

رۆژی (سێشه‌ممه‌ 19ـی ئه‌یلوولی 2023) نەتەوە یەکگرتووەکان 78ـمین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی لە ویلایه‌تی نیویۆرکی ئەمریکا دەستپێکرد و و بڕیار وایە کۆبوونەوەکە تا 29ـی ئەم مانگە بەردەوام بێت و تێیدا زیاتر له‌ 140 سەرۆک و سەرکردە و نوێنەری وڵاتان به‌شدار ده‌بن.

بڕیارە لە دانیشتنەکاندا، چەندین بابەتی پەیوەست بەو قەیرانە هەنووکەییانەی بەرۆکی جیهانی گرتووە، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.