سەفین دزەیی: ئەمەریکا جەخت لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکاتەوە

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – واشنتن:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، ئەمەریکا پاڵپشتی لە گفتوگۆی هەولێر و بەغدا دەکات، هاوکات گوتیشی: لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا جەخت لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە بەشی سەرەکی کۆبوونەوەکان بەشداریمان کردووە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری، هەروەها بەشداریمان لە چەندین دیداری ئاستبەرزدا کردووە، هەروەها لەگەڵ برێت مەکگۆرک هەماهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووینەوە.

هاوکات راشیگەیاند، لە دیدارەکانی ئەوەی ئەنجاممانداوە جەخت لەسەر دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوانیان بە دیالۆگ کراوتەوە.

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەوڵی خۆی دەدات لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە بۆ ئەوەی بگەنە نزیکبوونەوەیەکی زیاتر و ئەو گرفتەش چارەسەر بکرێت و دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە. باسی لەوەشکرد، هەموو لایەنەکان پاڵپشتی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

لەبارەی رێککەوتنی ئەمنی سنوورەکان لەنێوان بەغدا و تاران، سەفین دزەیی، دەڵێت: ئێران زۆر بە فەرمی باسی لەوە کردووە دەبێت ئەو ریککەوتنە ئەمنییە جێبەجێ بکرێت، ئاماژەی بەوەشدا، نابێت خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی ئێران، تورکیاش هەمان داخوازی هەیە،

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "چاوەڕواندەکرێت لە هێزە چەکدارەکانی رۆژهەڵات و ئەوانی دیکە تێگەیشتنیان هەبێت بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان، لە رابردوودا گوێڕایەڵ بوونە و دڵنیام ئێستاش گوێڕایەڵ دەبن بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە هەیە جموجۆڵ بکەن".

رۆژی پێنجشەممە (21ـی ئەیلوولی 2023)، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، چاوی کەوتووە بە مەکگۆرک، هەماهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەکردووە، "سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکارییە بەردەوامەکانی لەگەڵ بەغدا دەربڕی".