چەند کەسێک لە بەریتانیا بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ رووسیا دادگایی دەکرێن

لەندەنی پایتەختی بەریتانیا
لەندەنی پایتەختی بەریتانیا

K24 - هەولێر:

پێنج کەس کە خەڵکی بولگاریان رۆژی سێشەممە 26ـی ئەیلوول لە بەریتانیا، بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ رووسیا دادگایی دەکرێن.

بە گوێرەی هەواڵێکی کەناڵی BBCـی بەریتانی، ئەو پێنج کەسە تۆمەتبارن بە کۆکردنەوەی زانیاری بۆ رووسیا لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2023.

دادگاییەکە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە دادگای وێستمینستەر بەڕێوەدەچێت و بەپێی تۆمەتەکان، گوایە ئەو پێنج کەسە لە شانەیەکی سیخوڕیدا بوون و بۆ دەزگا ئەمنییەکانی رووسیا کاریان کردووە، هەروەها بەشێك لە ئەرکەکەیان بریتی بووە لە چاودێریکردنی چەند کەسێک.

هەریەک لە تۆمەتباران (ئۆرلین ڕوسێڤ، بیزەر جامبازۆڤ، کاترین ئیڤانۆڤا، ئیڤان ستۆیانۆڤ و ڤانیا گابێرۆڤا)، گومانی ئەوەیان لێدەکرێت، لە بەریتانیا و ئەوروپا ئۆپەراسیۆنی سیخوڕییان ئەنجامدابێت و زانیارییان بۆ رووسیا کۆکردبێتەوە.

بەپێی بەڵگەنامەکانی بولگاریا، ئەوان لە کۆمیسیۆنەکانی هەڵبژاردن لە لەندەن کاریان کردووە و لەکاتی دەنگداندا ئاسانکارییان بۆ ئەو هاووڵاتییانە کردووە کە لە دەرەوەی وڵات دەژین.