ناتانیاهۆ: لە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ سعوودییە نزیکین

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایدەگەیەنێت، هەڕەشەی هاوبەشی ئێران، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لە هەمووکات نزیکترکردووەتەوە لە چوارچێوەی هاوڕێیەتیەک لە تەمەنی خۆمدا نەمبینیوە، هاوکات گوتیشی: زۆر نزیکین لە دەستکەوتێکی دیکەی مەزن ئەویش رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و سعوودییە، لەبارەی ئێران ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەدا، ئێران بەردەوامە لە درێژکردنی دەستی تیرۆر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، ئاسیا، ئەمریکای باشوور و باکوریش.

ئەمڕۆ هەینی (22ـی ئەیلوولی 2023)، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی 78ـه‌مینی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك رایگه‌یاند، "هەڕەشەی هاوبەشی ئێران، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لە هەمووکات نزیکترکردووەتەوە لە چوارچێوەی هاوڕێیەتیەک لە تەمەنی خۆمدا نەمبینیوە". 

هاوکات راشیگەیاند، "ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەدیهاتنی ئاشتی لە ناوچەکە. ئێستا هەمووان چەپڵە بۆ قسەکانم لێدەدەن بەڵام من 2020 ئەو قسەیەم کرد زۆر گوتیان خەیاڵ پڵاوە. چونکە رەشبین بووبوون لە 25 ساڵ هەوڵدانی بێ ئەنجام. چونکە بیرۆکەیەکی هەڵە هەبوو پێیانوابوو هەتاوەکو پەیوەندییەکانمان لەگەڵ فەڵەستین ئاسایی نەکەینەوە هیچ وڵاتێکی عەرەبی پەیوەندییەکانی لەگەڵمان ئاسایی ناکاتەوە".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشدا، لە 2020 و لە ماوەی چوار مانگدا لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئیبراهیمییەکان پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چوار وڵاتی عەرەبی ئاسایی کردەوە. ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سوودان. فەڵەستین تەنیا 2%ـی جیهانی عەرەبییە، کاتێک بینیان زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردەوە ئەوانیش واز لە خەیاڵی لەناوبردنی دەوڵەتی جوو دەهێنن و دەگەڕێنەوە سەر رێگەی ئاشتی راستەقینە، هەروەها بڕواموایە نابێت هیچ کاتێک ڤیتۆ بدینە فەڵەستین.

بنیامین ناتانیاهۆ، لەبارەی سعوودییە دەڵێت: "ئێستا باوەڕموایە زۆر نزیکین لە دەستکەوتێکی دیکەی مەزن ئەویش رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و سعودیە. ئەمەش ئاشتی لەنێوان نەوەکانی ئیسحاق و ئیسماعیل دێنێتە ئاراوە و ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنێتەوە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، روونیکردەوە، ئیبراهیمییەکان میژوویان نووسییەوە و ئێمە خێر و بێری ئەو رێککەوتنانە دەبینین کە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئەنجامماندا، بواری وەبەرهێنان و بازرگانی گەشەی کردووە، هەماهەنگییەکانمان لە بواری وزە، ئاو، کشتوکاڵ، دەرمان و گۆڕانکاری کەشو هەوا چووەتە پێشەوە.

لەبارەی ئێران، ناتانیاهۆ گوتی: ئێران بەردەوامە لە خەرجکردنی ملیارەها دۆلار بۆ پڕ چەککردنی میلیشیا تیرۆریستەکانی سەربە وڵاتەکەی. هەروەها بەردەوامە لە درێژکردنی دەستی تیرۆری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئەوروپا، ئاسیا، ئەمریکای باشوور و باکوریش.

گوتیشی: ئێران هەوڵیداوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا تیرۆر بکات. ئەمە سروشتی تیرۆریستی و بکوژی ئێرانتان بۆ پێناسە دەکات. ساڵی رابردوو هێزە بکوژەکانی ئێران سەدان هاووڵاتی ئازای ئێرانیان کوشت و هەزارانی دیکەشیان بەند کرد.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، باسی لەوە کرد، پڕۆگرامی درۆن و مووشەکی ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل و دراوسێ عەرەبەکان دەکات. درۆنە ئێرانییەکان مردن و وێرانکارییان بۆ خەڵکی بێتاوانی ئۆکرانیا هێناوە. هەشت ساڵ لەمەوبەر هێزە رۆژئاواییەکان بەڵێنیاندا ئەگەر ئێران رێککەوتنی ئەتۆمی پێشێل بکات سزاکانی بەسەردا دەستپێننەوە. بەڵام ئێران ئێستا رێککەوتنەکە پێشێل دەکات و سزاکانیش نەگەڕێندراونەتەوە سەر ئەو وڵاتە. بۆئەوەی خولیای ئێران بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆم رابگیرێت پێویستە ئەم سیاسەتەش بگۆڕێت و پێویستە سزاکان بگەڕێنەوە سەر ئێران."

رۆژی (19ـی ئەیلوولی 2023)، بە ئامادەبوونی زیاتر لە 140 سەرۆک و سەرکردە و نوێنەری وڵاتان نەتەوە یەکگرتووەکان 78 ەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی ساڵانەی لە نیویۆرکی ئەمەریکا دەستپێکرد و بڕیار وایە کۆبوونەوەکە تا 29ی ئەم مانگە بەردەوام بێت، هەروەها جگە لە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا، بڕیارە لە دانیشتنەکاندا، چەندین بابەتی پەیوەست بەو قەیرانە هەنووکەییانەی بەرۆکی جیهانی گرتووە، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.