ئه‌حمه‌د شه‌ریفی: عێراق پێویستی به مانه‌وه‌ی هێزی بیانی هه‌یه
K24 - هەولێر:
شرۆڤه‌كارێكی سیاسی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات عێراق له‌م قۆناغه‌شدا پێویستی به بوون و مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریكا هه‌یه و به ته‌نیا ناتوانێت رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كان ببێته‌وه.
ئه‌حمه‌د شه‌ریفی، شرۆڤه‌كاری سیاسی و ئه‌منی سه‌باره‌ت به توانای هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، تا ئێستا بڕیاری سیاسی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كێشه و ته‌نگژه‌كانی عێراق هه‌ڵه ده‌كات و له ئاستی پێویستدا نییه، بۆیه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پێویسته سیستمی هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه ئیداره‌ی بارودۆخی ئه‌منی وڵات بده‌ن.
ئه‌و شرۆڤه‌كاره هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، عێراق بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش پێویستی به مانه‌وه و بوونی سه‌ربازی هێزی بیانی به‌تایبه‌تی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریكا ماوه. گوتیشی، عێراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر سنووره‌كان ده‌بێته‌وه، كه ئه‌مه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش پشتڕاست كراوه‌ته‌وه.
ئه‌حمه‌د شه‌ریفی باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن عێراق پێویستی به هێزی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا نه‌ماوه، له سۆنگه‌ی لایه‌نگیری و كاراتێكه‌ره هه‌رێمییه‌كانه‌وه ئه‌و بۆچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌یان ده‌رده‌بڕن. روونیشیكرده‌وه، عێراق و ئێران دوو وڵاتی جیاواز و خاوه‌نی دوو به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازن، بۆیه بارودۆخی عێراق پێویستی به بوونی هێزی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان هه‌یه، نه‌خاسمه كه عێراق رێككه‌وتنێكی ستراتیژی و هاوكات ئه‌منیشی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه.
ئه‌حمه‌د شه‌ریفی پێی وایه هه‌ندێك له سه‌ركرده سیاسییه‌كان عێراق به‌هۆی ئه‌وه‌ی دیدگایه‌كی ئێرانیان هه‌یه و ئه‌جێندا و سیاسه‌ته‌كانی ئێران له عێراق جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، بۆیه به‌رده‌وام نه‌یاری بوون و مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تین له عێراقدا. جه‌ختیشیكرده‌وه ئه‌مه‌ریكا خاوه‌نی گۆڕانكارییه له عێراق، بۆیه هه‌ر ئه‌و ده‌توانێت له عێراق و له‌پاڵ عێراقییه‌كان بمێنێته‌وه. گوتیشی، نابێت سوودانی بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی بریكاره‌كانی ئێران له عێراق و وا نیشان بدات عێراق پێویستی به مانه‌وه‌ی هێزی بیانی نییه.
رێكه‌وتی 7ـی ئابی 2023، شاندێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق له‌سه‌ر بانگهێشتی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كرد و گفتوگۆیان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه ئه‌منییه دووقۆڵییه‌كان و ئایینده‌ی مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی داعش كرد.
به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو، دانوستانه‌كانی نێوان به‌رپرسانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی و عێراقی كه له باره‌گای پێنتاگۆن به‌ڕێوه‌چوو، تایبه‌ت بوو به هاریكارییه ئه‌منییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان واشنتۆن و به‌غدا و ئایینده‌ی مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
هه‌مان رۆژ یه‌حیا ره‌سووڵ، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، شانده‌كه له‌میانی مانه‌وه‌یدا ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وهیان ئه‌نجام دا و باسیان له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به ئایینده‌ی مانه‌وه‌ی هێزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له عێراق و هاریكارییه ئه‌منییه دووقۆڵییه‌كان و گۆڕینی شاره‌زایی و زانیارییه‌كانی بواری هه‌واڵگری بۆ له‌ناوبردنی پاشمانه‌وه‌كانی چه‌كدارانی رێكخراوی داعش كردووه.