خالید عه‌باس: به‌رزترین رێژه‌ی تۆماركردنی بایۆمه‌تری له‌ پارێزگاری دهۆك تۆمار كراوه‌

خالید عه‌باس، به‌رپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق
خالید عه‌باس، به‌رپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق

K24 – هەولێر:

به‌رزترین رێژه‌ی تۆماركردنی بایۆمه‌تری له‌ پارێزگاری دهۆك تۆمار كراوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی دهۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقیش باس له‌وه‌ ده‌كات، رێژه‌ی تۆماركردن گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌رووی 80%.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 22ـی ئه‌یلوولی 2023) خالید عه‌باس، به‌رپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، پڕۆسه‌ی تۆماركردن له‌ 13ـی ته‌ممووز ده‌ستپێكرد و تاوه‌كو رێكه‌وتی 20ـی ئه‌یلوول به‌رده‌وام بوو، كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 81% خۆیان له‌ بایۆمه‌تری تۆمار كردووه‌ و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ مافی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پارێزراو ده‌بێت.

خالید عه‌باس هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، تۆماركردنی ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌رزترین تۆماركردنه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراقدا، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی هۆشیاری هاونیشتمانیانی پارێزگای دهۆك به‌رامبه‌ر به‌ نیشتمان و به‌رپرسان و نوێنه‌رانی خۆیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان.

به‌رپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق هاوكات باسی له‌وه‌ كرد، ته‌نیا 19%ـی هاووڵاتییان خۆیان له‌ بایۆمه‌تری له‌ پارێزگای دهۆك تۆمار نه‌كردووه‌. روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی تاوه‌كو 20ـی ئه‌یلوول خۆیان تۆمار نه‌كردووه‌ و بایۆمه‌تریان نییه‌، ناتوانن به‌شداری له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه‌ له‌ كۆی 800 هه‌زار كه‌س، 790 هه‌زار خۆیان تۆمار كردووه‌.

خالید عه‌باس گوتیشی، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2010 تاوه‌كو ساڵی 2021 به‌رزترین رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ پارێزگای دهۆك بووه‌، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئاستی تێگه‌یشتوویی خه‌ڵكی دهۆك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پرس و پرۆسه‌ سیاسییه‌كان.

رۆژی دووشەممە، (4ـی ئەیلوولی 2023)، داود سەلمان، بەڕێوەبەری رێکارەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن و دەنگ بدەن.

رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە "نایاسایی" ناساند.