بڕیارێکی بەریتانیا پەنابەران نیگەران دەکات

K24 – لەندەن

حکومەتی بەریتانیا بڕیاریداوە، لەمەودوا ئەو پەنابەرانەی روو دەکەنە وڵاتەکەیان، لە بری دابینکردنی هۆتێل و خانوو، لە هەندێک شوێنی دیکە نیشتەجێیان بکات، بەشێک لەو شوێنانە پێشتر سەربازگە بوونە، ئەمەش نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پەنابەرێک کە بەهۆی خراپی ئەو شوێنەی لێی نیشتەجێکراوە مانی لە خواردن گرتووە و لە هۆشخۆی چووە، دەنگدانەوەی زۆری لێدەکەوتەوە و رێکخراوەکانی مافی پەنابەرانی لە بەریتانیا هێنایە دەنگ و داوایان لە حکومەتی بەریتانیا کرد، هەرچی زووە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت.

دلۆڤان عیمادەدین، پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن رایگەیاند، ئەو شوێنەی ڤیدیۆکەی لێ بڵاوکراوەتەوە کە پەنابەرێک مانی لە خواردن گرتووە و باری تەندروستی تێکچووە، وەک کاردانەوەیەک بووە لەو شوێنەی کە لێی نیشتەجێ کراوە، چونکە ئەو شوێنە پێشتر سەربازگە بووە و پەنابەران دەڵێن: گونجاو نییە بۆ حەوانەوەیان و خواردن و خزمەتگوزاری پێویستی لێ نییە، بۆیە داوا دەکەن بیان گوازنەوە بۆ شوێنێکی دیکە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پەنابەرەی ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە پەنابەرێکی کوردە و کاریگەری زۆر هەبوو بۆ ئەوەی میدیاکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەرگریکار لە پەنابەران بێنێتە سەر هێڵ.

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەوان لە هەموو شوێنێک خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ پەنابەران دابین دەکەن.

رێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافی پەنابەران لە بەریتانیا داوایان لە حکومەتی بەریتانیا کردووە، ئەو پەنابەرانە لە شوێنێکی گونجاو نێشتەجێ بکات و نەبرێنە سەربازگە کۆنەکان و شوێنی دیکە.