وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا: خاڵە سنوورییەکان بەهێزتر دەکەین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچبەرانی نایاسایی

نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا
نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا

K24 - هەولێر

نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەرلین بیرۆکەی دامەزراندنی خاڵە سنوورییە جێگیرەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچبەرانی نایاسایی کە بە پۆڵەندا و کۆماری چیکدا تێدەپەڕن، لەبەرچاو دەگرێت.

نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە رۆژنامەی "فیڵت ئام زۆنتاگی"ی راگەیاندووە، ئەم خاڵە پشکنینانە دەتوانن ببنە رێگرێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەران، بە شێوەیەکی بەهێزتر.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەڵمانیا پێشتر بەدرێژایی سنوورەکان پۆلیسی داناوە لەگەڵ هەردوو وڵاتانی دراوسێ خاڵە ئەمنییەکانی بەهێزتر کردووە، بۆ ئەوەی کۆچبەرانی نایاسایی کۆنتڕۆڵ بکات، فیزەر دەشڵێت: جیاوازی لە نێوان پەناخوازانی یاسایی و کۆچبەرانی نایاساییدا هەیە.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا روونیشیکردەوە، جێبەجێکردنی کۆنتڕۆڵی توندتر بەو مانایە نییە کە هاتنی پەناخوازان زیاتر نەبێت.

جەختی لەوەشکردەوە کە "ئەگەر کەسێک لە سنوور داوای مافی پەنابەری بکات، ئەوا دەبێت لە ئەڵمانیا پشکنینی داواکاری پەنابەری بکرێت و ئەمەش پابەندبوونێکی یاسایی ڕوونە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا، کە دەتوانین لە رێگەی سیستەمێکی پەنابەری هاوبەشەوە مسۆگەری بکەین."

لای خۆیەوە، فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سیسیلیای ئیتاڵیا، کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە دەگەنە ئەوێ، رایگەیاند، ئەڵمانیا رووبەڕووی جولانەوەیەکی کۆچی قورس بووەتەوە.

لە 12 مانگی رابردوودا نزیکەی 250 هەزار کەس لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە، بە بەراورد بە ساڵی پێشتر رێژەکە 27 لەسەد زیادیکردووە، لە ئیتاڵیاش لە رۆژانی رابردوودا یاسایەکی نوێی تووند بەرامبەر کۆچبەران دەرچووە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لەماوەی 12 مانگی رابردوودا 244 هەزار و 132 کەس لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە، لەو ژمارەیە 217 هەزار و 774 پەناخواز بۆ جاری یەکەمە لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەری دەکەن.