ئێران وەڵامی ئەمەریکا و کەنداو دەداتەوە

ناسر کەنعانی
ناسر کەنعانی

K24- هەولێر

رۆژی پێنجشەممە، تاران نوێنەری سویسرای بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی دەرببڕێت دژی بەیاننامەیەکی هاوبەشی ئەمەریکا و کەنداو کە پشتیوانی لە بانگەشەی ئیمارات بۆ سێ دوورگەی لە کەنداو دەکات کە بریتین لە تونبی گەورە، تونب بچووک و ئەبو موسا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی بەرگری لە یەکپارچەیی خاکەکانی دەکات.

ئێران رایگەیاندووە، نوێنەری سویسرای بانگهێشت کردووە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە راگەیەندراوێکی هاوبەشی ئەمەریکا و کەنداو کە بە ئیستفزازیی زانیوە، سەبارەت بە ناکۆکی دەیان ساڵەی سێ دوورگەی کەنداو کە ئیمارات بانگەشەی بۆ دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی ئەمەریکا و کەنداوی دایەوە، کە لەلایەن دیپلۆماتکارە باڵاکانی ئەمەریکا و شەش وڵاتی کەنداوی عەرەبییەوە بڵاوکرایەوە، کە پشتیوانی لە بانگەوازەکانی ئیمارات دەکات بۆ دانوستان یان ناوبژیوانی کردنی ئەو ناکۆکییەی، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، "ئێمە ناڕەزایەتی و شەرمەزارکردنی توندی خۆمان لەم هەڵوێستە خراپە و کردەوە وروژێنەرانەی حکومەتی ئەمەریکا گەیاندە بەرپرسی کاروباری سویسرا، کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات لە ئێران.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران سوورە لە بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی خۆی و پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە لە لایەن حکومەتی ئەمەریکاوە بێت.

دوورگەکانی تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبو موسا، خاڵێکی گرنگی نێوان تاران و ئەبوزەبی پێکدەهێنن، کە پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری باشیان هەیە، ئەو سێ دوورگەیە دەکەونە گەرووی هورمز، ئەو رێڕەوە ئاوییە زۆر گرنگە، کە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان پێیدا تێدەپەڕێت.

ئیمارات سەروەری خۆی بەسەر ئەم دوورگانەدا دووپات دەکاتەوە، کە ئێران لە ساڵی 1971ەوە، دوای کشانەوەی هێزەکانی بەریتانیا لە ناوچەکە بە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی خۆی دەزانێت.

لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، دیپلۆماتکارانی ئەمەریکی و کەنداو پشتیوانی خۆیان بۆ بانگەوازی ئیمارات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ناکۆکی لەسەر هەر سێ دوورگەکە دەربڕی، کە دەبێت لە رێگەی دانوستانەکانی دوولایەنە یان دادگای نێودەوڵەتیەوە چارەسەر بکرێت.

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "ئەو سێ دوورگەیە بۆ هەمیشە بەشێکی دانەبڕاون لە خاکی ئێران".

لە مانگی تەممووزی رابردوودا، ئێران باڵیۆزی رووسیای بانگهێشت کرد، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پشتیوانیی ئاشکرای مۆسکۆ بۆ بانگەشەکەی ئیمارات لەسەر دوورگەکان.