ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بەهای یەک دۆلار بۆ 1450 دینار دابەزێت

دۆلار و دینار
دۆلار و دینار

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشبینی دەکات، بەهای دینار لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بەرزببێتەوە.

موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهای دیناری عێراقی لە چەند مانگی داهاتوودا بەرزدەبێتەوە بەهای دۆلارێک دەگاتە 1450 دینار، هۆکارەکەشی بۆ رێوشوێنەکانی حکومەت دەگەڕێنێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردووی بەهای دینار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و بەهای 100 دۆلار گەیشتە سەرووی 158 هەزار دینار.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی راشیگەیاند، بە جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندی بۆ ئاسانکاری لە حەواڵەکان و رێوشوێنەکان باج و پێدانە راستەوخۆکان بێ گەڕانەوە بە بەڕێوەبەرایەتی باج، کاشی دۆلار لە بازاڕەکان بە گشتی زیاد دەکات.

زیاتر لە ساڵێکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار ناجێگیرە و لە زۆربەی کاتیشدا لە دابەزین دایە، هەرچەندە بانکی ناوەندی عێراق بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 132 هەزار دیناری عێراقی دیاریکردووە، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە لە بازاڕەکانی عێراق کاری پێ نەکراوە.