بەلەمێکی کۆچبەران نوقم بوو

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 23/9/2023، کاربەدەستانی لوبنان دەیان کۆچبەری نایاساییان رزگار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە کەناری شکا لە باکوری وڵاتەکە بەلەمە چوپەکەیان نوقم ببوو.

فەرماندەیی سوپای لوبنان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەلەمێکی چوپی کۆچبەران لە کەناراوەکانی شکا لەباکووری لوبنان نوقم بوو، بەڵام هێزە دەریاییەکانمان توانییان 27 کۆچبەری نایاسایی رزگار بکەن.

بەگوێرەی میدیاکان، بەلەمە بچووکەکە پێش ئەوەی نوقم ببێت لە دەریادا تووشی کێشەیەک بووە، کە دەیان کەس لەناو کەشتییەکەدا بوون و زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکرد، یەکێک لە ژنەکان لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە، توانی پەیوەندی بە بەرگری شارستانی لوبنانەوە بکات و داوای یارمەتی بکات، پاشان رێوشوێنی ئەمنی لە شوێنی رووداوەکە گیراوەتەبەر و هەموو سەرنشینەکان لە ژێر دەستی سوپای لوبنان دان.

باس لەوەشکراوە، ژمارەی سەرنشینەکانی ناو بەلەمەکە 37 کەس بووە، کە 28 کەسیان رزگارکراون، لە کاتێکدا 9 کەس بە تەنها توانیویانە مەلە بکەن بەرەو کەنارەکانی لوبنان خۆیان دەرباز کردووە.