کۆمپانیاکانی هیندستان دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن

K24 - هەولێر

جێگری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هیندستان راگەیاند، هیندستان چاوی لەوەیە لە بواری بازرگانی هەماهانگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، چەندین کۆمپانیای گەورەی هیندستان دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.

مایانگ شارما جێگری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هیندستان، بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە شاند و نوێنەری چەندین کۆمپانیامان هەیە لە بوارە جیاوازەکانی وەک وەبەرهێنانی برنج، چا، بەهارات، گەنمەشامی و پسکویت هەیە. ئامانجی ئەم شاند و نوێنەرانە رەخساندنی دەرفەتی بازرگانییە لە عێراق و بەتایبەتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان توانای زۆری هەیە و پێویستە سوودیان لێ وەربگیردرێت".

گوتیشی: "هیندستان دەتوانێت لە چەندین بواری جیاواز هاوکاری کۆمپانیا کوردییەکان بکات، جیا لە بواری کەرتی کشتوکاڵ، بۆ نموونە تەکنەلۆجیای زانیاری، دەرمانسازی، خانووبەرە و پەروەردە. چەندین کۆمپانیای گەورە لە هیندستان هەن و خوازیارن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، چونکە هەلی گەورە رەخسێنراون".