نەخۆشییەک لەنێو هەنگەکانی ئاکرێ بڵاودەبێتەوە

K24 – ئاکرێ:

نەخۆشیەک لەنێو هەنگەکانی ئاکرێ بڵاوبووەتەوە بەوهۆکارەوە ژمارەیەک زۆر لە هەنگەکان لەناوچوونە، هەنگەوانانی ئەم سنوورەش دەڵێن، تا ئێستا نەمانتوانیوە چارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ ئەو نەخۆشییەی هەنگەکان و نەخۆشیەکەش بەردەوام لە تەشەنەدایە، شارەزایەکی هەنگەوانی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری نەخۆشییەکە بۆ گۆڕانکاری کەشوهەوا دەگەڕێتەوە.

نەقیب ئیسماعیل، "هەنگەوان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی دوو مانگە نەخۆشی لەنێو هەنگەکانی ئێمە بڵاوبووەتەوە، زۆرترین پێداویستی چارسەرکردنمان بۆ دابین کردوون بەڵام تا ئێستا ئەو نەخۆشییە بنبڕ نەبووە و بەردەوام لە تەشەنەدایە، هەروەها لە ماوەی ئەم دوو مانگە نزیکەی 100 هەنگم مردار بووە."

لەلایەکی دیکە، حامد محەمەمد، هەنگەوانێکی دیکە بۆ کوردستان24 دەڵێت: "لە ساڵانی رابردوو ئەگەر نەخۆشیش بڵاوببایەوە نزیکەی 15 یان 20 هەنگ دەمردن، بەڵام بەو نەخۆشییەی ئێستا کە بڵاوبووەتەوە رێژەیەکی زۆری هەنگمان لێ مردار بوونە، دەتوانم بڵێم خەریکە هیچیان نامێنن".

مرداربوونی بە کۆمەڵی هەنگەکان، هەنگەوانانی ئاکرێی نیگەرانکردووە و وەک خۆشیان ئاماژەی پێدەدەن، زۆر زەرەمەندبوونە بەهۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە و داوا دەکەن چارەسەرێکی بەپەلەیان بۆ بدۆزنەوە.

لەلایەن خۆیەوە، کاروان جەمال، شارەزای هەنگەوانی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ، بە کوردستان24ـی گوت: "ئەمساڵ هۆکاری مرداربوونی هەنگەکان دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری کەشوهەوا، هەروەها هۆکارێکی دیکەی مرداربوونیان هەنگەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناشارەزایی هەنگەوانان، کاتێک هەنگەکان نەخۆشن دەبێت بزانن چۆن چارەسەریان دەکەن و یاخود کاتێک هەنگەکانیان برسی دەبن دەبێت خواردنیان بۆ دابین بکەن".

لە دەڤەری ئاکرێ، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ، 570 هەنگەوان هەنە و بەرهەمی هەنگوینیان دەگاتە سەرووی 50 تۆن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە ئەم ئامارەش کەم دەبێتەوە.