ئافرەتێک لە بەغدا کاری گۆشتفرۆشی دەکات

K24 – هەولێر:

کاری گۆشتفرۆشی لە وڵاتی ئێمە تا رادەیەکی زۆر بە کاری پیاوان هەژمار دەکرا و تەنیا ئەوان دەیانتوانی ئەو کارە بکەن، بەڵام لە شاری بەغدا ئافرەتێک ئەو رێچکەیە دەشكێنێت و هاوشێوەی پیاوان کاری گۆشتفرۆشی دەکات.

دینا سامر، گۆشتفرۆش، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "سێ مانگی دەسپێک بەو کارە زۆر قورس بوو بۆمن تا فێری کارکە بووم و راهاتم، بەڵام ئێستا بەو کارە زۆر دڵخۆشم توانیومە تێیدا سەرکەوتووبم".

هاوکات راشیگەیاند، "کاتێک کە لە شەقامەکان خەڵک دەمبینن دەمناسنەوە دەڵێن سەیربکەن ئەمە ئافرەتە گۆشتفرۆشەکەیە، من کارەکەی خۆم زۆر بە دڵە و دواڕۆژێکی باشیشی هەیە، من بە سرووشتی خۆم حەز با کاری قورس دەکەم".

رەسوڵ عیسا، گۆشتفرۆش، لەگەڵ دینا پێکەوە لە یەک شوێن کاردەکەن، بە کوردستان24ـی گوت: "بەڕاستی کاری هاوکارم دینا زۆر نایابە، ئەو زۆر حەزی بۆ کارە هەیە و زۆر خۆی بۆ ماندوو دەکات، هەروەکو دینا ئاماژەی پێدەکات ئەو کارە دوارۆژێکی باشی هەیە بۆیە لەسەری رژدە و بەردەوام لەبەرەوپێشچووندایە".

دینا سامر، گۆشتفرۆش، ئەو نەریتەی شاکاند لەوەی کە تەنیا گۆشتفرۆشتن کاری پیاوان بێت، ئەویش وەک ئافرەتێک خەونی ئەوەیە زیاتر لەو کارە بەرەوپێش بچێت، خەونی ئەو بۆ داهاتوو ئەوەیە پڕۆژەیەکی تایبەت بە گۆشتفرۆشتنی هەبێت.