دوای رێوشوێنەکانی رووسیا نرخی سووتەمەنی لە ئەوروپا بەرزدەبێتەوە

K24 – هەولێر:

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگەیاند، دوای ئەوەی رووسیا هەناردەی بەنزین و دیزڵی راگرت تاوەكو سەقامگیری لە بازاڕی ناوخۆیی دروستبکات، نرخی سووتەمەنی دیزل لە ئەوروپا بە رێژەی سەدا پێنج بەرزبووەتەوە.

بە گوێرەی رۆژنامەکە، نرخی سووتەمەنی دیزڵ لە بازاڕەکانی ئەوروپا بۆ سەرووی هەزار دۆلار بۆ هەر تۆنێک بەرزبووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، حکومەتی رووسیا بڕیاریداوە بە شێوەیەکی کاتی باجی هەناردەی بەنزین و دیزڵ زیادبکات، تاوەکو سەقامگیری لە بازاڕەکانی ناوخۆیی دروستبکات.

بافیل سوروکین جێگری وەزیری وزەی رووسیا رایگەیاند، ئێستا تاوەکو کاتێکی نادیار باجیان خستووەتە سەر هەناردەی سووتەمەنی و چاوەڕێ دەکەن بزانن لە بازاڕەکانی ناوخۆ رەنگدانەوەی چۆن دەبێت.

پێشتریش واشنتن رایگه‌یاندبوو، پلان بۆ سه‌پاندنی پاكێجێكی نوێی سزاكان بە سه‌ر رووسیا داده‌نێت، سزاكانیش كارده‌كاته‌ سه‌ر كه‌رتی وزه‌ و پیشه‌سازی سه‌ربازی.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ، رێوشوێنە سنووردارەکان کاریگەری لەسەر کەرتی بەرگری و وزەی رووسیا، دامەزراوە داراییەکان دەبێت.

پێشتر ڤیکتۆریا نولاند جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاندبوو، ئەمەریکا و هاوبەشەکانی كۆمه‌ڵه‌ی حەوت، بەنیازن لە ساڵیادی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت رووسیا دژی ئۆکرانیا سنووردارکردنی بەردەوام بەسەر رووسیادا بسەپێنن.