لاڤرۆڤ: پێشوازی له‌ گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كه‌ین

سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا
سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا

K24 - هەولێر:

سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له‌میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له‌ نیویۆركه‌وه‌ رایگه‌یاند، پێشوازی له‌ گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ین.

گوتیشی: "كۆمپانیا رووسییه‌كان له‌ كاركردن له‌ عێراق به‌رده‌وام ده‌بن".

لاڤرۆڤ هه‌روه‌ها گوتیشی: "کۆمپانیا رووسیەکان لە عێراق کاردەکەن و لە کارکردن بەردەوام دەبن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پرۆسەی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ سەربەخۆبوونی پەیوەندییەکانی رووسیا و عێراق بەردەوامە.

باسی له‌وه‌شكرد، "پێشوازی لە گفتوگۆی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کاتێك لە عێراق بووم سەردانی هەولێرم کرد، ئاشکرابوو نیازی سەرەکی هەردوولا چارەسەرکردنی کێشەکانە، بۆ وردەکاری رێککەوتنەکان، نوێنەرانی هەردوو حکومەت دەبێت سازش بکەن".

رۆژی 2019/10/07 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ گه‌یشته‌ هه‌ولێری پایته‌خت و له‌ لایه‌ن مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

هەرێمی کوردستان و رووسیا پەیوەندییەکی مێژوویان هەیە و مێژووی ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤییەتی جاران.