حەسەن ئەحمەد: پەیوەندی پەکەکە و یەکێتی زیانی ستراتیژی بۆ کوردستان هەیە

حەسەن ئەحمەد، شارەزای کاروباری تورکیا.
حەسەن ئەحمەد، شارەزای کاروباری تورکیا.

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی کاروباری تورکیا، رایدەگەیەنێت، لە داهاتوودا یەکێتی باجی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە دەدات، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، تورکیا داوای بە تیرۆریست ناساندی پەکەکەی لە عێراق کردووە.

حەسەن ئەحمەد، شارەزای کاروباری تورکیا، لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، بەڕێوەبردنی وڵات بە ئەقڵیەتی شۆڕشگێری ناکرێت بەڵکو بە ئەقڵەیەتی یاسا و ئیدارەدان و دیپلۆماسیەت دەکرێت، بە تایبەت، سەرنجەکانی تورکیا لەسەر سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ دوای وەفاتی جەلال تاڵەبانی، دواتر ئەوە کێشەکان زۆر زەق بوونەوە کاتێک نوێنەرایەتی یەکێتی لە تورکیا داخرا.

هاوکات راشیگەیاند، بەهانەدان بە دوو هێزە گەورەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێران و تورکیایە هەر لایەنێک بیدات خیانەت لەم میللەتە دەکات و خزمەتی ئەم میللەتە ناکات، تێکەڵاوبوونی برادەرانی سلێمانی لەگەڵ پەکەکە زیانی ستراتیژی بۆ کوردستان هەیە، پەکەکە بە هیچ شێوەیەک سەروەری هەرێمی  کوردستان و عێراق ناناسێت، یەکیتی دواجار باجەکە دەدات.

ئەو شارەزایەی کاروباری تورکیا دەڵێت، یەکێتی بەم شێوەیە ناتوانێت ئاسایشی سلێمانی بپارێزێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سیاسیەتی ئێستا و جیلی ئێستا بەرگەی ئەوەی ناگرن لە شوێنێک ئاڵۆزی بەردەوام بێت، ئەگەر هەر بەردەوام بوو جێگەی قبوڵ نابێت و ئەمەریکا بیر لە رێگە چارەیەک دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە.

ئاماژەی بەوەدا، "دەبێت برادەرانی یەکێتی بە جددی بڕیار بدەن ئایا شۆڕشگێڕی ئەقڵەیەتی شاخ دەکەن، یان لە دەسەڵاتدان و حکومەت بەڕێوەدەبەن، دەبێت لە هەردووکیان بڕیار بدات کە یەکێک هەڵبژێرێت، بۆ نموونە ئەگەر شۆڕشگێڕی دەکەن با رایبگەینن و هێزەکانیان لەگەڵ پەکەکە یەکبخەن و خەڵەکەش لە رووی دەروونیەوە ئامادە بکەن بۆ شەڕ و شۆڕشگێری خۆیان با دەستپێبکەن، ئەگەریش ئەمە ئەنجامنادەن دەبێت حیساب بۆ سەروەری بکات، هەم سەروەری وڵاتانی دراوسێ، هەم سەروەری خەڵکی خۆمان و عێراق".

حەسەن ئەحمەد، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، مەترسییەکە ئێستا لەسەر هەرێمی کوردستان و دانیشتوانییەتی، جەختیش لەوە دەکاتەوە، نابێت هیچ هێزێک بیانوو بە تورکیا و ئێران بدات.

ئەو شارەزایەی کاروباری تورکیا، گوتی: "کاتێ هاکان فیدان هاتە عێراق لە ژوورە داخراوەکان داوای لە کاربەدەستانی عێراق کرد، کە دەبێت لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراقدا پەکەکە بە تیرۆرست بناسێنن، ماوەیەکی دیکەش فشار لە پەرلەمانی کوردستانیش دەکەن بۆ ئەوەی ئەو کارە ئەنجام بدەن".

رۆژی هەینی (22ـی ئەیلوولی 2023)، زێدان برادۆستی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، ئاستی هێزی سەربازی نێوان تورکیا و پەکەکە زۆر لەیەکترەوە جیاوازە، ئەو شەڕەی کە پەکەکە دەیکات شەڕێکی خۆکوژییە، جگە لەوەی گەریلاکانی خۆی بە کوشتن دەدات، خەڵکی دیکەش بە کوشتن دەدات، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، تا ئێستا پەکەکە نەیتوانیوە هێرشێکی سەرکەوتوو ئەنجامبدات و زیانەکەی زیاتر بۆ خەڵک بووە.