ساڵی داهاتوو کارەکانی بەنداوی بەستۆڕە تەواو دەبێت

K24 – هەولێر:

بەنداوی بەستۆڕە لە قۆناغی تەواوبووندایە و توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، سەلام محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، "ئومێد دەکەین ئەم پڕۆژەیە لە ماوەی ساڵیک کەمتردا تەواو بکەین، لە کاتێکدا پێشووتر نزیکەی سێ ساڵ بۆ پڕۆژەیەکی وا پێویست دەبوو".

ئەمڕۆ شەممە (23ـی ئەیلوولی 2023)، شێرکۆ محەممەد، سەرپەرشتیاری حکومی لە پڕۆژەکەدا، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە سەرچاوەکانی ئاو داوە، چونکە هەستی بە مەترسی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا کردووە، لێرە تەنیا بەنداو دروست ناکەین، بەڵکو پەرە بە شارەزایی و سەرچاوەی مرۆییی ئەم بوارە دەدەین".

بەنداوی بەستۆڕە بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و زیادکردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست دەکرێت، هاوکات پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت، کە هەلی کاری بۆ 150 کەس رەخساندووە و بە شەو و رۆژ کاری تێدا دەکرێت و بڕیار وایە لە نێوەڕاستی ساڵی داهاتوو تەواو بکرێت.

بەنداوەکە دەتوانێت 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەخۆ بگرێت و رووبەری کۆکردنەوەی ئاوی باراناویشی دەگاتە 108 کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە کاریگەریی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی و بەراوکردنی هەندێک ناوچە دەبێت، هەروەها دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و سەرچاوەی گەشەکردنی بەرهەمی ماسی.

هەروەها ئەم بەنداوە لە جۆری خاکییە و بەرزییەکەی 30 مەترە و پانییەکەی 180 مەترە، درێژییەکەشی دەگاتە 630 مەتر و لە سەرەتای بارانبارینی ئەمساڵەوە باراناوی تێدا کۆ دەکرێتەوە.

لەلاین خۆیەوە، سەلام محەمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، ئاماژەی بەوەدا، "ئومێد دەکەین ئەم پرۆژەیە لە ماوەی ساڵیک کەمتردا تەواو بکەین، لە کاتێکدا پێشووتر نزیکەی سێ ساڵ بۆ پرۆژەیەکی وا پێویست دەبوو، چونکە ئێمە سیستەم و ئامێری تازە بەکار دێنین، 24 کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت و بە تەواوبوونی، خزمەتی باش بە گەشتیاری و سامانی ماسی و کشتوکاڵی و هەلی کار دەکات".

رۆژی شەممە (24ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆڕە لە سنووری پارێزگای هەولێر رایگەیاند: وەک بەشێک لە ستراتیژی و پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خوراک،  بڕیاریانداوە چەندین بەنداو بە جۆری جیاواز لە شوێنە جیاجاکانی کوردستاندا دروست بکەن لە هەموو پارێزگا و ناوچەکانی دیکەی کوردستان".  گوتیشی:"بەنداوی بەستۆڕە سوود و قازانجێکی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە دەبێت".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، "سەرەکیترین ئەو سوودانەی ئێمە دەتوانین لەو بەنداوانە وەربگرین، ئەوەیە ئاو گلدەینەوە بۆ مەبەستی بەکارهێنانی خواردنەوە بێت یان کشتوکاڵ، بەڵام هەندێک جار بەنداوە گەورەکان بۆ بابەتی وزە دەتوانن بەکاربهێندرێن، بابەتی کشتوکاڵیش بەهەمان شێوە وەکو ئەوەی باسم کرد. بۆ بابەتی گەشتیاریش، بەتایبەتی لەم دەڤەرە دەتوانن سوودێکی زۆر لەم جۆرە بەنداوانە وەربگرن".