مۆزەخانەی دێرسیم دەبێتە یەکێک لە سێ باشترین مۆزەخانەکانی ئەوروپا

مۆزەخانەی دێرسیم - وێنە: AA
مۆزەخانەی دێرسیم - وێنە: AA

K24 – هەولێر:

مۆزەخانەی دێرسیم، دوای سێ ساڵ لە کرانەوەی، دەبێتە یەکێک لە سێ باشترین مۆزەخانەکانی ئەوروپا و خەڵاتی لویجی میشالێتی پێبەخشرا.

مۆزەخانەکە کەوتووەتە ناوەندی پارێزگای دێرسیم و زیاتر لە دوو هەزار شوێنەواری دانسقەی لەخۆگرتووە و ئیدارەی پارێزگاکەش دەیانەوێت مۆزەخانەکە بکەن بە خاڵێکی گرنگی گەشتیاری لەپێناو زیاتر بووژاندنەوەی ناوچەکەیان.

مۆزەخانەی دێرسم یەکێکە لە مۆزەخانە نوێیەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، لەڕێگەی نمایشکردنی پارچە شوێنەوارییەکانەوە، تیشکی خستووەتە سەر مێژووی دێرینی شارەکە کە بریتین لە کەرەستەی رۆژانەی خەڵکی سەردەمەکانی پێشتر و شاکارە ئایینییە بەناوبانگەکانی ناوچەکە.

باڵەخانەی مۆزەخانەکە ساڵی 1935 لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە دەستکراوە بە دروستکردنی و ماوەیەک وەک سەربازگە بەکارهێندراوە. دواجار ساڵی 2020 وەک مۆزەخانە کرایەوە و خرایە خزمەت گەشتیاران و سەردانیکارانی مۆزەخانە و هەوادارانی کەلوپەلی شوێنەواری و مێژووییەکان.

دوای تەنیا لە سێ ساڵ لە کردنەوەی، ئەمساڵ مۆزەخانەکە خەڵاتی لویجی میشالێتی پێبەخشرا و توانی بچێتە نێو لیستی باشترین سێ مۆزەخانەی ئەوروپا. 

لەلایەن خۆیەوە، بولەنت تێکبیکئۆغڵو، پاریزگاری دێرسیم رایگەیاند، "یەکێکە لە شاکارەکانی سەردەمی دامەزراندنی کۆماری تورکیا، ساڵی 1937 بیناکەی تەواوکراوە، تا ساڵی 1949 وەک سەربازگە بەکارهێندراوە. دواتر دراوە بە وەزارەتی دارایی، ساڵی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو، کاتێک گوندەکان چۆڵکران، بۆ مەبەستی حەوانەوەی خەڵک وەک شوێنی نیشتەجێبوون بەکارهێندراوە، بەڵام ساڵی 2015 بڕیاردرا بکرێت بە مۆزەخانە".

پارێزگاری دێرسیم گوتیشی، "مۆزەخانەکەمان شوێنێکی فراوانی بۆ ئەنجامدانی پێشانگە هەیە. ئەمە لەلایەن چاودێرانی ئەوروپیش درکی پێکراوە. پێشانگەیەکی تایبەتمان هەیە کە گوزارشت لە بیروباوەڕی عەلەوی و خۆراسانییەکان دەکات. مۆزەخانەکە ساڵی 2022 لەلایەن کۆڕبەندی مۆزەخانەکانی ئەوروپا خەڵاتکرا، ئەمساڵیش ئەکادیمیای مۆزەخانەکانی ئەوروپا مۆزەخانەکەمانی وەک دووەم باشترین مۆزەخانەی ساڵ دەستنیشانکرد. باڵەخانەی مۆزەخانەکە لە ناوەندی پارێزگاکەدایە و خەڵک دەتوانێت بە ئاسانی سەردانی بکات".

بەگوێرەی پلانی ئیدارەی پارێزگاکە، هەوڵ دەدرێت مۆزەخانەکە ببێت بە خاڵی وەرچەرخان بۆ کەرتی گەشتیاری دێرسیم، ئیدارەی شارەکە دەیانەوێت کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە زیندووبکەنەوە و ویستی راکێشانی گەشتیاری زیاتریان بۆ دێرسیم هەیە.