قوتابخانەیەکی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی لە پایتەختی نەمسا دەکرێتەوە

K24 - هەولێر

قوتابخانەیەکی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کراوەتەوە، کە ئامانج لێی خزمەتکردنی زیاترە بە زمانی کوردی، هاوکات منداڵانی کوردی دانیشتووی ڤیەننا فێری زمانی دایک دەکرێن.

مامۆستا ژاڵە جەواد شێروانی، خاوەنی بیرۆکەی کردنەوەی قوتابخانەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، قوتابخانەکەیان لە سێ پۆل پێکهاتووە و لە ڤیەننای پایتەختی نەمسایە.

گوتیشی: "پۆلێکی قوتابخانەکەمان تایبەت کردووە بە منداڵانی تەمەنی 6 بۆ 12 ساڵان، پۆلی دووەمیشیان تایبەتە بە فێرخوازانی سەرووی تەمەنی 12 ساڵی و پۆلی سێیەمیشیان تایبەت دەبێت بەوانەی خوازیاری فێربوونی شێوەزاری کرمانجین".

مامۆستا ژاڵە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە قوتابخانەکەیاندا هەفتانە یەک رۆژ دەوام دەکرێت و بۆ ماوەی پێنج کاتژمێریش وانە بە فێرخوازان دەگوترێتەوە.

سەبارەت بە ئامانج لە کردنەوەی قوتابخانەکەش، مامۆستا ژاڵە شێروانی رایگەیاند، دەیانەوێت لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە خزمەتی زیاتر بە زمانی دایک بکەن و منداڵانی کوردی دانیشتووی نەمسا بە زمانی کوردی ئاشنا بکەن.

لەبارەی دەستخستنی کتێبەکانیش بۆ قوتابخانەکە، مامۆستا ژاڵە شێروانی رایگەیاند، لە رێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کتێبەکانیان بەدەست دەگات.

پێشتر لە ساڵی 2004، قوتابخانەیەکی فێرکردنی زمانی کوردی لە نەمسا کراوەتەوە، هەروەها په‌یمانگه‌ی (كوردۆلۆجی) بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كوردان له‌ ناوه‌ندێكی زانستیدا لەو وڵاتەدا هەیە، جگە لەمانەش په‌یمانگه‌ی ڤیه‌ننا  له‌ ساڵی 1994ـەوه‌ دامه‌زراوه‌ و بووه‌ته‌ پردێكی به‌ یه‌كتری به‌ستنه‌وه‌ی وڵاتی نه‌مسا و كوردستان. په‌یمانگه‌ی ڤیه‌ننا سه‌ره‌ڕای بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب به ‌زمانه‌كانی كوردی و ئه‌ڵمانی، كتێبخانه‌یه‌كی گشتی بۆ خوێنه‌رانیش كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ وۆركشۆپی جۆراوجۆریشی تێدا ده‌گێڕدرێت.

نەمسا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە بووەتە پەناگە بۆ بەشێک لەو کوردانەی لە ئەوروپا دەژین، لە ساڵی 1976 یەکەم کاروانی پەنابەران روویان کردووەتە ئەو وڵاتە، ڤیه‌ننای پایتەخت زۆرترین ره‌وه‌ندی كوردی لە وڵاتی نەمسا له‌خۆ گرتووه‌، ژماره‌یه‌كی زۆری دیکەش له‌ شاره‌كانی گراز و لینـز ده‌ژین.

بەشێک لەو کوردانەی لە سەردەمی رژێمی بەعسی عێراق روویان کردووەتە نەمسا لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە خوێندنیان تەواو کردووە‌.