چین تاوەرەکەی ئیڤڵی پاریسیشی کۆپی کرد

تاوەری ئیڤڵ لە ناوچەی تیاندوشنگ لە شاری هانگژۆی چین (AFP)
تاوەری ئیڤڵ لە ناوچەی تیاندوشنگ لە شاری هانگژۆی چین (AFP)

K24 - هەولێر

دروستکردنی تاوەرێکی هاوشیوەی تاوەرەکەی ئیڤڵ، وا لە مرۆڤ دەکات، هەست بەوەبکات لە پاریسە، بەڵام لە راستیدا بەناو ناوچەی تیاندۆچێنگدا دەڕۆیت لە شاری هانگژۆی چین، کە رۆژی شەممە، میوانداری نزیکەی 12 هەزار وەرزشوانی کردووە لە یارییەکانی ئاسیا.

یارییەکانی ئاسیا وێستگەیەکی سەرەکییە بۆ زۆرێک لە وەرزشوانان پێش ئۆڵۆمپیادی هاوینە لە پایتەختی فەرەنسا کە لە هاوینی 2024دا ئەنجام دەدرێت.

ئەم گەڕەکەی شاری هانگژۆ رەنگدانەوەی سەرسامی چینییەکانە بە هەموو شتێکی بێگانە، هەرچەندە تاوەرەکە بە یەک لەسەر سێی قەبارەی تاوەرە رەسەنەکەی پاریس دروستکراوە.

باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی ئەوشارە لەسەر شێوازی باڵەخانەکانی پاریس دروستکراون و باڵکۆنەکانیان بە ئاسنی دیکۆر رازێنراونەتەوە.

بەتەمەنەکان لەسەر لێوارەکە دەوستن بۆ ئەوەی سەرسام بن بەو دیمەنانەی کە لەبەردەمیاندایە لە ژێر ئاسمانێکی خۆڵەمێشیدا درێژبوونەتەوە، یان لەسەر نافورەیەک دادەنیشن کە بە پەیکەری ئەسپەکان دەورە دراوە کە باخچەی لۆکسمبۆرگیان بیردەخاتەوە.

کاتێک ئەو تاوەرە دروستکرا، تیاندۆچێنگ وەک گەڕەکێکی ئاست بەرز و شوێنی فێستیڤاڵە کولتوورییەکانی فەرەنسی پێشکەشکرا، بەڵام زۆرێک لە دوکان و شوقەکانی بۆ ساڵانێک بە چۆڵی مانەوە، پێش ئەوەی ببێتە شوێنێکی قەرەباڵغی کڕیارانی کەرتی تەکنەلۆژیا.

تاوەری ئیڤڵ تەنها یەکێکە لەو دیزاینە تەلارسازییە رۆژئاواییانەی، کە لە چین بڵاوبوونەتەوە، لە کاتێکدا گەشەپێدەرانی خانووبەرە، ئیلهامەکانیان لە ئەوروپا و ئەمەریکای باکوورەوە وەرگرتووە، لە نێویاندا گەڕەکی تامز تاون لەسەر شێوازی تەلارسازی بەریتانی لە شەنگەهای دروستکراوە.

لە گووجون لە جەرگەی پەکین، خانووە فراوانەکان کە بە شێوازی ئەمەریکای باکوور و لەسەر شێوازی باشووری کالیفۆرنیا دروستکراون.

گەڕەکەکانی شارەکانی چین هی سەردەمانی رابردوون، بەو پێیەی سەرکردە کۆمۆنیستەکان لە ساڵانی رابردوودا دروستکردنی باڵەخانەیان لەسەر شێوازی تەلارسازە بیانییانەکان قەدەغە کردبوو.