ئیمارات بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت پۆستی وەزیری وەربگرێت

ئیمارات
ئیمارات

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆک وەزیران و حاکمی دوبەی، شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتوم، لە رێگەی هەژماری خۆیەوە لە پلاتفۆڕمی  X (تویتەری پیشوو)، هەلی کارێکی لە پۆستێکی باڵا راگەیاند.

شێخ محەممەد بن راشد دەڵێت: بە دوای گەنجێک یان ژنێکی بەڕێزدا دەگەڕێم، کە نوێنەرایەتی بابەتی گەنجان بکات، بۆچوونەکانیان بگەیەنێت و بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسییە حکومیانە بکات کە جێگەی سەرنجیان بێت، بۆ ئەوەی ببێتە وەزیر، وەزیری لاوان لەگەڵ ئێمە لە حکومەتی ئیمارات.

جێگری سەرۆکی ئیمارات گوتیشی: دەمانەوێت شارەزا بێت لە بابەتەکانی زێدی خۆی، ئاگاداری واقیعی کۆمەڵگاکەی بێت، لە کارەکانیدا مەیدانی بێت، لە ڕێبازەکەیدا عەقڵانی بێت، ئازا و بەهێز بێت لە نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەیدا و بە سۆزەوە بێت بۆ خزمەتکردنی خاکی خۆی.

لە ساڵی 2016دا شەمما بنت سوهەیل ئەلمەزروعی بۆ پۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری لاوان دەستنیشانکرا، بەمەش لە تەمەنی 22 ساڵیدا، بووە بچووکترین وەزیر لە جیهاندا.

هەروەها لە ئیمارات وەزارەتێکی دیکە بەناوی بەختەوەری هەیە کە وەزارەتەکە لە ساڵی 2016ەوە دامەزراوە، وەزیرەکەی بە وەزیری دەوڵەت بۆ بەختەوەری ناودەبرێت و یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی هاوئاهەنگکردنی سەرجەم پلان و بەرنامە و سیاسەتەکانی ئیماراتی عەرەبییە بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەری کۆمەڵگە. یەکەم وەزیری ژنیش کە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، عهود خەلفان ئەلرومی بووە.