سعوودیە: ئێمە سوورین لەسەر پاراستن و سەقامگیربوونی بازاڕەکانی نەوتی جیهان

فەیسەڵ بن فەرحان
فەیسەڵ بن فەرحان

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان رایگەیاند، "ئێمە سوورین لەسەر پاراستن و سەقامگیربوونی بازاڕی نەوتی جیهان"، جەختیشیکردەوە، هەمیشە هاوکاری بەکۆمەڵی ئۆپیک پڵەس، بووەتە هۆکاری سەقامگیربوونی بازاڕی نەوت.

شازادەی سعوودیە محەممەد بن سەلمان بە فۆکس نیوزی راگەیاند، سیاسەتی نەوتی سعوودیە دابین کردن و داواکردنە، ئێمەش پابەندین بەسەقامگیری بازاڕی نەوت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر کورت هێنان هەبوو لە بەرهەمهێنانی نەوتدا، ئەوە ڕۆڵی ئێمەیە لە ئۆپیک پڵەس بۆشاییەکە پڕ بکەینەوە، هەروەها ئەگەر بەرهەمهێنان زیادی کرد دەبێت ئێمە هاوسەنگییەکە رابگرین تاوەکو سەقامگیری بازاڕی نەوت تێکنەچێت.

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی خولی 78مینی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "سەقامگیربوونی بازاڕەکانی وزەی جیهان، پایەکی گرنگی ئابووری جیهان و گەشەکردنییەتی، هەروەها سعوودیە بە پەرۆشە بۆ پاراستنی سەقامگیری و متمانە و بەردەوامی و ئاسایشی بازاڕەکانی نەوتی جیهانی و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەکاربەران بۆ دڵنیابوون لە ئابوورییەکی جیهانی بەهێز کە سوود بە بەرهەمهێنەران و بەکاربەران بگەیەنێت."

دەشڵێت: سعوودیە هەمیشە جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی بەکۆمەڵ لەگەڵ گروپی ئۆپیک پڵەس، دەکاتەوە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی نەوتی جیهانی و بەردەوامی و ئاسایش و چاودێریکردنی بازاڕەکان.

وەزیری دەرەوەی سعوودیە جەختیکردەوە، " وڵاتەکەی گرنگی زۆر دەدات بۆ بەشداریکردن بەرەو سیستەمی وزەی خاوێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە سەرانسەری جیهاندا، محەمەد بن سەلمان بەم دواییانە دامەزراندنی رێکخراوێکی ئاوی جیهانی راگەیاندووە، کە ئامانجی پەرەپێدان و یەکخستنی هەوڵەکانی وڵاتان و رێکخراوەکانە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی سەرچاوەکانی ئاو بۆ باشترکردنی دەستگەیشتن بە هەمووان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو بە شێوەیەکی گشتگیر.