پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکی مەترسیدار دەستگیر دەکات

تۆمەتبار (ب.ب.) دوای دەستگیرکردنی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
تۆمەتبار (ب.ب.) دوای دەستگیرکردنی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکی مەترسیداری سەر بە گرووپی ناسراوی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، کە کاریان هەڕەشەکردن بووە لە ئافرەتان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو لە بەرانبەر داواکردنی پارە و ئەنجامدانی کاری نەشیاو.

رۆژی یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی بەناوی (ب.ب.) راگەیاند کە تەمەنی 22 ساڵانە، بەهۆی هەڵخەڵاتاندنی کچان و ئافرەتان، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە پەیوەندی پێوەکردوون و دواتر بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ نەشیاوەکانیان هەڕەشەی لێ کردوون.

لە بەدواداچوونێکی کوردستان24ـدا ئەو تۆمەتبارە کە لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە لەسەر سکاڵای ئافرەتێک دەستگیرکراوە، دان بە تاوانەکەی دادەنێت و ئاماژە بەوە دەکات، کە لەڕێگەی تەلەگرام و سناپچات و تیکتۆکەوە، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لە ئافرەتان کردووە.

پۆلیسی هەولێر دوای دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، دەستی بەسەر مۆبایل و گرووپ و پەیجەکاندا گرتووە لە سەرجەم پلاتفۆڕمەکان و ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو تۆمەتبارە نزیکەی 180 ڤیدیۆی ئامادەکراوی لە مۆبایلەکەیدا هەبووە کە بەنیاز بووە وەک هەڕەشەکردن لە ئافرەتانی دیکە لە گرووپ و پەیجەکانی خۆی لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا بڵاویان بکاتەوە.

ئەم تۆمەتبارە یەکێکە لە ئەندامانی گرووپی ناسراو بە "گۆڤەند سی تی ئێس" و کاریان هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کچان و کوڕان بووە لە چەند گرووپ و پەیجێکی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا لە بەرامبەر داواکردنی پارە و هەر هۆکارێکی دیکە کە ویستوویانە لەڕێگەی ئەو قوربانیانەوە بەدەستی بهێنن یان ئەنجامی بدەن.

سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، پۆلیسی هەولێر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کردووەتەوە و لێکۆڵینەوەکانیش لەوبارەیەوە بەردەوامن و رێکارە یاساییەکانیش بۆ بە سزاگەیاندنی تۆمەتبارەکە رێچکەی یاسایی خۆی وەرگرتووە.

لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هاوکاری ئاسایشی هەولێر باندێکی پێنج کەسییان دەستگیرکرد، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە ئافرەتانیان هەڵخەڵەتاندنووە و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشاو هەڕەشەیان لێکردوون و ناویان لەخۆیانناوە گرووپی شەیتانەکان.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە، ژمارەیەکی مۆبایلیان تەرخانکردووە کە بریتییە لە (07508088080)، کە هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ڤایبەر و واتسئاپیش پەیوەندییان پێوەبکەن بۆ هەواڵپێدان و ئاگادارکردنەوەیان لە هەر تاوانێک و رووداوێکی لەو شێوەیە و دڵنیایش دەدەن لەوەی سەرجەم رێکارەکان و بەدواداچوونەکان بە نهێنی ئەنجام دەدرێن و ناسنامە و زانیاری هەواڵدەرەکانیش پارێزراو دەبن.