نیشانە سەرەتاییەکانی وەستانی دڵ پێش 24 کاتژمێر روودەدات

K24 - هەولێر

وەستانی دڵ یەکێکە لە کوشندەترین نەخۆشییەکان کە رووبەرووی مرۆڤ دەبێتەوە، بەو پێیەی لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی دڵ ئەگەر دەستێوەردانی پزیشکی راستەوخۆ و خێرا نەبێت.

بە پێچەوانەی جەڵتەی دڵ، کە خوێن مەین روودەدات، وەستانی دڵ بەهۆی ناڕێکی لێدانی دڵەوە روودەدات کاتێک سیستەمی کارەبایی لەش بە باشی کارناکات و دڵ لە لێدان دەوەستێت.

هەندێک نیشانە هەن کە دەتوانیت پێش روودانی وەستانی دڵ هەستی پێبکەیت، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستێوەردانی پزیشکی خێرا کە رەنگە ژیانی ئەوکەسە رزگار بێت.

دکتۆر کێندارۆن رینیر، لە سیستەمی تەندروستی سیدارز سینا لە لۆس ئەنجلۆس گوتی: "نیشانەکان ئاگادارکردنەوەیەکیان هەیە بۆ پێشبینیکردنی وەستانی لەناکاوی دڵ"، ئاماژەی بەوەشکرد، نیوەی نەخۆشەکان لە کاتژمێرەکان یان رۆژەکان یان هەفتەکانی پێشتردا نیشانەکانیان تێیدا روویداوە کە دەبێتە هۆی وەستانی دڵ.

توێژینەوەیەک لە رۆژنامەی "لانسێت"دا بڵاوکراوەتەوە، کە توێژەران لێکۆڵینەوەیان لەسەر زیاتر لە هەزار و 500 کەسی پێگەیشتوو لە ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی بزانن ئایا هیچیان ئاماژە بەوە دەکەن کە خەریکە وەستانی دڵ روودەدات، ئەویش نیشانەکان ئەمانەن.

هەناسە تەنگی

باوترین نیشانەی سەرەتایی وەستانی دڵ هەناسە تەنگ بوونە. نزیکەی 41%ی نەخۆشەکان تووشی ئەم نیشانەیە بوونە.

توێژەران دەڵێن ئەمە تاکە نیشانەیە کە پەیوەندییەکی بەرچاوی بە وەستانی دڵەوە هەیە لە ژن و پیاودا.

ئازاری سینگ

ئازاری سینگ دووەم نیشانەی باوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر نزیکەی یەک لەسەر سێی نەخۆشەکان هەبووە، بە بەراورد بە چارەکێکی گرووپی بەراوردکاری. بەڵام تەنها پەیوەندییەکی بەرچاوی بە وەستانی دڵەوە هەبووە لە پیاوان نەک لە ژناندا.

ئارەقە کردن

هەروەها ئارەقەکردنێکی زۆر زیاتر کاریگەری لەسەر نەخۆشانی وەستانی دڵ دەبێت لە چاو ئەوانی دیکە لە دۆخی نائاساییدا.

نیشانەکان لە نزیکەی 12% دەرکەوتن، هەروەها تا رادەیەکی زۆر تەنها پەیوەندی بە پیاوانەوە هەبوو نەک ژنان.

گرژبوون

هەروەها "چالاکی هاوشێوەی گرژبوون" لە نەخۆشانی دڵدا زیاتر بوو کە 11% یان نیشانەکانیان هەبووە.