فۆکس نیوز: چین لە رێگەی پەروەردەوە هەوڵی تێکدانی بەهاکانی ئەمەریکا دەدات

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی باڵای پەروەردە لە ویلایەتی ئۆکلاهۆمای ئەمەریکا رایگەیاند، کاریگەری حزبی شیوعی چین لە بەشێک لە قوتابخانەکانی ئەمەریکادا بووەتە کێشەیەکی گەشەسەندوو.

ماڵپەڕی فۆکس نیوزی ئەمەریکی لە زاری ئەو بەرپرسەی باڵای پەروەردە بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت: بەرپرسەکە گفتوگۆیەکی قوڵی لەگەڵ ئەندامانی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا کردووە، بەڵام ئەوان زیاتر لە کاریگەری کۆمپانیاکانی سووتەمەنی بەردینەکان و دامەزراوە ناوخۆییە پارێزگارەکان نیگەرانن.

پشکنەری رێنمایی گشتی ویلایەتەکە، رایان واڵتەرز، هەفتەی رابردوو بانگەشەی ئەوەیکرد کە پەیمانگەکانی کۆنفۆشیۆس کە پشتگیری لە حکومەتی چین وەردەگرن، کاریگەرییەکی زۆرییان کردووەتە سەر هەندێک قوتابخانەی ئەمەریکا، لەنێویاندا قوتابخانەکانی ویلایەتی ئۆکلاهۆما.

واڵتەرز ئاماژەی بەوەدا کە پەیمانگەکانی کۆنفۆشیۆس لە رێگەی چینەکانی کۆنفۆشیۆسەوە بەشدارن لە تێکدانی بەها ئەمەریکییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، بۆی دەرکەوتووە کە پارتی کۆمۆنیستی چینی لە چوارچێوەی قوتابخانەکانی ئەمەریکادا پارە بۆ چینەکانی کۆنفۆشیۆس دابین دەکات، ئەمەش بە گوتەی خۆی دەڵێت: ئەم هەوڵە هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەییە بە رێگەی نەرم و نیانی، کە ئامانجی تێکدانی دەستوور و بەهاکانی ئەمەریکایە.

باسی لەوەشکرد، لە ئۆکلاهۆما کاردەکەن بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو شتانەی لە قوتابخانەکانی ویلایەتەکە روودەدەن، داوای لە کۆنگرێس کرد کە هەنگاو بنێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم بەرنامانە و هۆشداریدا لەوەی کە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دروست دەکەن.

هەروەها قوتابخانە گشتییەکانی توسلای تۆمەتبار کرد کە دەکەوێتە گەورەترین پارێزگای ویلایەتەکە، بە بەشداریکردن لە پرۆگرامەکانی پەیمانگەی کۆنفۆشیۆس بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لە رێگەی رێکخراوێکی پەرەپێدانی پیشەیی نێوەندگیرەوە.

بەڵام بەرپرسانی قوتابخانەکان روونیان کردەوە کە سەرچاوە و مووچەی مامۆستایانی بەشدار لە بەرنامەکەدا لەلایەن خودی کەرتەکەوە خەرج کراوە نەک لەلایەن هیچ لایەنێکی سێیەمەوە، پارێزگاکە چەندین جار رەتیدەکاتەوە هیچ پارەیەکی لە پەکین وەرگرتبێت.