بەردی بناغەی پردی توەقوت لە هەڵەبجە دادەندرێت

تێچووی پڕۆژەکە زیاتر لە 30 ملیار دینارە

K24 - هەڵەبجە

بڕیارە بەمنزیکانە بەردی بناغەی پردی توەقوت دابنرێت، کە پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژییە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، تێچوی پڕۆژەکە زیاتر لە 30 ملیار دینارە و یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی دانیشتوانی هەڵەبجە، ئەو پردە لە سەردەمی رژێمی پێشوی عێراق تەقێنراوەتەوە.

پردی توەقوت، دەرچەیەکی گرنگی ئابووری و گەشتیاری دەبێت بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بە تەواوکردنی دەتوانرێت بۆ زۆر مەبەستی دیکه سوودی لێ وەربگرێت، ئەو پردە پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیان دەبەستێتەوە.

پشتیوان محەممەد، ئابووریناس بە کوردستان24ی گوت: "دروستکردنی پردی توەقوت بۆ هەڵەبجە گرنگییەکی ستراتیژی هەیە، چونکە یەکێک لە گرفتەکانی هەڵەبجە داخراوبوونیەتی، کێشەی بۆ بەڵێندەر و بازرگانان دروستکردووە، ئەو پڕۆژەیە گرنگی زۆری دەبێت بۆ بوژانەوەی هەڵەبجە".

بڕیار بوو ساڵی 2021 دەست بە پڕۆژەی پردی توەقوت بکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و دۆخی هەرێمی کوردستان بۆ ئیستا دواخراوە.

جەمال عومەر، بەڕێوەبەری بەشی پلاندان لە پارێزگای هەڵەبجە بە کوردستان24ی راگەیاند، پڕۆژەی پردی توەقەت، تەنیا بریتی نییە لە پردەکە، بەڵکو پرد و رێگاکەیەتی، تەنیا رێگاکەی 27 کیلۆ مەترە، هەروەها درێژی پردەکە 250 مەترە، بە گوژمەی 30 ملیار و 345 ملیۆن دینار، پڕۆژەکە بە 720 رۆژ تەواو دەکرێت.

پردی توەقوت لە کۆتایی شەڕی نێوان عێراق - ئێران تەقێندراوەتەوە، ئەوپرده پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە و یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی پارێزگای هەڵەبجە.