نهێنییه‌كی شاراوه و خه‌مناك له ژیانی كانسێلۆ ئاشكرا ده‌بێت

جواو كانسێلۆ به‌رگریكاری نوێی یانه‌ی بارسێلۆنا تاتۆیه‌كی دایكه كۆچكردووه‌كه‌ی له‌سه‌ر قۆڵ و باسكی نه‌خشاندووه و ده‌ڵێت: كاتێك ده‌گه‌ڕێمه‌وه پۆرتوگال یه‌كه‌م شوێن بۆی بچم سه‌ردانی گۆڕی دایكمه.
كانسێلۆی ته‌مه‌ن 29 ساڵ له 2013 له رووداوێكی هاتووچۆ دایكی له‌ده‌ست داوه ئه‌وكات یاریزانه‌كه‌ی بارسێلۆنا ته‌مه‌نی 18 ساڵ بووه.
پێگه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا راپۆرتێكی له‌باره‌ی دیوه شاراوه‌كه‌ی ژیانی كانسێلۆ بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی: كانسێلۆ له دوای مردنی دایكی، تووشی حاڵه‌تێكی ده‌روونی خراپ هاتووه و هه‌رگیز دایكی له‌بیر نه‌كردووه، تاتۆیەکی وێنەی دایکی كه ناوی فیلۆمێنایه لەسەر قۆڵی كێشاوه، هەمیشە دوای تۆمارکردنی هەر گۆڵێک ده‌سته‌كانی به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌كاته‌وه، هەمیشە لە پۆستەکانی لە سۆشیال میدیادا هاشتاگی "دایکە هێز و بەرەکەتم پێ ببەخشە" بەکاردەهێنێت.
ساڵانێک لەمەوبەر کانسێلۆ گوتی: دوای مردنی دایكم هەستم دەکرد وەک ڕۆبۆتێک وام، چێژم له هیچ شتێك نه‌ده‌بینی، ته‌نانه‌ت له یاری تۆپی پێش، هه‌میشه به خه‌مناكییه‌وه ده‌گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره كچێكی پێبه‌خشیم ژیانم به‌ره‌و نوێبوونه‌وه رۆیشت و هیوا و چێژم بۆ گه‌ڕایه‌وه.
كانسێلۆ ده‌شڵێت: کاتێک ده‌گه‌ڕێمه‌وه ماڵەوەم لە پورتوگال، یەکەم شوێن سەردانی ده‌كه‌م گۆڕی دایکمه. لەوێ هەست بە باشی دەکەم. باوەڕی ته‌واویشم بە خودا هەیە، لە سەرووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه، به‌رده‌وام داوای پشتیوانی لێ ده‌كه‌م، باوەڕم بە روحی فیلۆمێنای دایکیشم هه‌یه كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ژیاندا نه‌ماوه، به‌ڵام هه‌ست به‌هێز و بوونی ده‌كه‌م.
كانسێلۆ گوتیشی: بۆ من زۆر قورس بوو له ته‌مه‌نی 18 ساڵی، به رووداوی ئۆتۆمبێل گه‌وره‌ترین پاڵپشتی ژیانم له‌ده‌ست بده‌م، به‌ڵام ده‌بوو له‌و رووداوه جه‌رگبڕه فێربم، له كۆتایی دا له‌ده‌ستدانی دایكم به‌هێزتری كردم، وای لێكردم ئه‌مڕۆ لێره بم له بارسێلۆنا.
كانسێلۆ ئه‌م هاوینه به‌شێوه‌ی خواستن په‌یوه‌ندی به یانه‌ی بارسێلۆنا كرد له كۆی 4 یاری، 2 گۆڵ و ئاسیستێكی كردووه.



.jpeg)