ئێران هاووڵاتييه‌كى ئه‌مريكا ده‌ستگير ده‌كات

لە دواى بڵاو بوونەوەی هەواڵی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی ئێرانی - ئەمریکی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن.

K24 – هه‌ولێر:

لە دواى بڵاو بوونەوەی هەواڵی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی ئێرانی - ئەمریکی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن.

جۆن کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە راپۆرتەکان لەسەر دەستبەسەر کرانی ئەو ئەمریکییەی بينيوه‌ و خەریکە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات و ناتوانێت هیچ زانیارییەکی دیکە بدرکێنێ.

هەفتەی رابردوو غوڵامحسێن موحسنی ئێژەیی، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران پشتڕاستی کردبووەوە کە کەسێکی ئێرانی ئەمریکی بە ناوی رەزا شاهینی ناسراو بە رابین، لە شاری گورگانی ئێران دەستبەسەر کراوە و راشیگەیاندبوو، نازانێت ناوبراو بە چ تۆمەتێک دەستبەسەركراوه‌.

یەکەم جار تەلەفزیۆنی سی بی ئێس نیوز لە ئەمریکا ئاشکرای کردبوو کە رەزا شاهینی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەستبەسەر کراوە.