ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیر دەکات کە ڤیدیۆی نەشیاوی هاووڵاتییانی بڵاودەکردەوە

تۆمەتبارێک (ک. م. م.) دوای دەستگیرکردنی لە ئاسایشی هەولێر
تۆمەتبارێک (ک. م. م.) دوای دەستگیرکردنی لە ئاسایشی هەولێر

K24 - هەولێر:

ئاسایشی هەولێر کەسێک بە تۆمەتی هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆی نەشیاوی ئافرەتان و پیاوان دەستگیر دەکات کە خاوەنی زیاتر لە 10 کەناڵی تەلەگرام بووە و لەو رێگەیەوە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی بێزارکردووە.

رۆژی دووشەممە (25ـی ئەیلوولی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەستگیر کردنی تۆمەتبارێک بەناوی (ک. م. م.) لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر راگەیاند.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە لەسەر تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن دادخوازێکەوە بووە و دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە، خاوەنی زیاتر لە 10 کەناڵە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام و گرتەڤیدیۆی نەشیاوی چەندین ئافرەت و پیاوی بڵاو کردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، تۆمەتبارەکە هەڕەشەی لە چەندین کەسی دیکەش کردووە، هەروەها بەدەیان گرتەڤیدیۆی نەشیاوی کەسانی دیکەی لە ئامێری مۆبایلەکەیدا دەستی بەسەردا گیراوە.

هاوکات ئاسایشی هەولێر ناوی کەناڵەکانی تەلەگرامیشی بڵاوکردووەتەوە کە ئەو تۆمەتبارە بەکاریهێناوە بۆ هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆی کەسانی دیکە، لەوانەش (دادگای CTS/خاوەنی گرووپ، دادگای CTS -1/خاوەنی گرووپ، خەیاڵی دڵەکان/ خاوەنی گرووپ، مانگی گەردوون/خاوەنی گرووپ، دادگای لەشفرۆشان /ئەدمینی گرووپ، مەلەفچییەکانی تەلەگرام/ئەدمینی گرووپ، دیوەخانی ساتۆر/ئەدمینی گرووپ، لێت نابوورم/ ئەدمینی گرووپ، شەوەزەنگ/ ئەدمینی گرووپ، درۆ خۆشەها/ ئەدمینی گرووپ و کاستۆ گرووپ/ ئەدمینی گرووپ).

هاوکات ئاسایشی هەولێر داوای لە هاووڵاتییان کردووە، هەرکەسێک سکاڵای یاسایی لەسەر ئەم تۆمەتبارە هەیە با سەردانیان بکات بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و گرتنەبەری رێکاری یاسایی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی بەناوی (ب.ب.) راگەیاند کە تەمەنی 22 ساڵانە، بەهۆی هەڵخەڵاتاندنی کچان و ئافرەتان، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە پەیوەندی پێوەکردوون و دواتر بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ نەشیاوەکانیان هەڕەشەی لێ کردوون.

پۆلیسی هەولێر دوای دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، دەستی بەسەر مۆبایل و گرووپ و پەیجەکاندا گرتووە لە سەرجەم پلاتفۆڕمەکان و ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو تۆمەتبارە نزیکەی 180 ڤیدیۆی ئامادەکراوی لە مۆبایلەکەیدا هەبووە کە بەنیاز بووە وەک هەڕەشەکردن لە ئافرەتانی دیکە لە گرووپ و پەیجەکانی خۆی لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا بڵاویان بکاتەوە.

ئەم تۆمەتبارە یەکێکە لە ئەندامانی گرووپی ناسراو بە "گۆڤەند سی تی ئێس" و کاریان هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کچان و کوڕان بووە لە چەند گرووپ و پەیجێکی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا لە بەرامبەر داواکردنی پارە و هەر هۆکارێکی دیکە کە ویستوویانە لەڕێگەی ئەو قوربانیانەوە بەدەستی بهێنن یان ئەنجامی بدەن.

لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هاوکاری ئاسایشی هەولێر باندێکی پێنج کەسییان دەستگیرکرد، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە ئافرەتانیان هەڵخەڵەتاندنووە و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشاو هەڕەشەیان لێکردوون و ناویان لەخۆیانناوە گرووپی شەیتانەکان.