سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: 2.5 ملیۆن دۆلارمان بۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گەشانەوە تەرخانکردووە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گەشانەوەدا، 2.5 ملیۆن دۆلار بۆ فراوانکردنی بزنسە بچووک و مامناوەندەکان تەرخان دەکەن.

رۆژی دووشەممە (25ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "حکومەتی هەرێم لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گەشانەوەدا، 2.5 ملیۆن دۆلار بۆ فراوانکردنی بزنسە بچووک و مامناوەندەکان تەرخان دەکات. لەگەڵ بانکی تایبەت و رێکخراوی کارسازی ناوخۆیی بە شێوەیەکی سەربەخۆ داواکارییەکان هەڵدەسەنگێندرێن".

وەک هاندانێک بۆ خاوەن بزنسە بچووک و مامناوەندەکان و پشتیوانکردن لە سەرخستنی پرۆژەی گەشانەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لینکی پرۆژەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "داواکاری پێشکەش بکە: http://Bloom.digital.gov.krd".

هەر ئەمڕۆ دووشەممە (25ـی ئەیلوولی 2023)، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "پرۆژەی گەشانەوە، قەرز بۆ بزنسە بچووک و مامناوەندەکان دابین دەکات. ئامانجی ئێمە: پاڵپشتیکردنی کۆمپانیاکان، گەشەکردنی ئابووری و پەرەپێدانی ژینگەی بازرگانییە لە کوردستان".

هاوکات لە رێورەسمی راگەیاندنی پرۆژەکەشدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی، "خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ پرۆژەیەكی گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین كە پرۆژەی (گەشانەوە)یە و بریتییە لە دابینكردنی قەرزی بازرگانی بۆ بزنسە بچووك و مامناوەندەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كارەكانیان گەشە پێ بدەن لە رێگەی قەرزی بانكییەوە كە لە رێگەی بانكەكانی كەرتی تایبەتەوە پێیان دەدرێت".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرۆژەیە بەشێكە لە پلان و كارنامەی حكومەت بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و هاوكاریكردنی كەرتی تایبەت كە بێگومان لە ساڵانی رابردوودا، هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت تەواوكەری یەكتر بوون و بەیەكەوە هاوكار و هەماهەنگ بوون لەپێناو پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، لە هەرێمی كوردستان، بەپێی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە زانستییەكان، بزنسی بچووك و مامناوەند زیاتر لە 50٪ی جموجۆڵ و چالاكیی بازرگانی و هێزی كاری كەرتی تایبەت پێك دەهێنێت. لە هەمان كاتدا یەكێك لە گرفت و بەربەرستە سەرەكییەكانی بەردەم كاری بازرگانی لە كوردستان، بریتییە لە نەبوون و دەست نەگەیشتن بە پاڵپشتیی دارایی كە خاوەنكارانی كوردستان بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی داراییەوە، نەیانتوانیوە بزنسەكەیان فراوان بكەن.

پرۆژەی گەشانەوە، یەکێکە لە پرۆژە ئابوورییە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و تاوەکو بڕی 150 ملیۆن دیناری عێراقی قەرز بۆ بزنسی بچووک و مامناوەندی دامەزراو لە هەرێمی کوردستان دابین دەکات بە رسوماتی کارگێڕی سەدا دوو و بەبێ داواکردنی هیچ بارمتەیەک (رەهن) لەسەر قەرزەکان.

لەبارەی پێوەرەکانی شایستەبوون بۆ وەرگرتنی قەرز، لە پرۆژەی گەشانەوەدا هاتووە، پێویستە سوودمەندبوو، هاووڵاتی کوردستانی بێت و تەمەنی لەنێوان 21 بۆ 60 ساڵدا بێت و نابێت لە هیچ دەزگایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوبێت.

هەروەها پێویستە لەکاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکەدا، بزنسەکە لانیکەم 12 مانگ کاری کردبێت و شوێنی بزنسەکە لە هەرێمی کوردستان بێت و کەمتر لە 100 کارمەندی هەبێت.

هاوکات دەبێت بزنسەکە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابێت و ژمارەی کەسیی بێ هاوتا (UPN) و ژمارەی بازرگانیی بێهاوتا (UEN) هەبێت.