ئەوکەسەی تەقەی لەباڵیۆزخانەی ئەمەریکا کردبوو دەستگیر کرا

K24 - هەولێر

بەرێوەبەرایەتی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لوبنان دەستگیرکردنی تەقەکەرەکەی لە نزیک دەرگای چوونە ژوورەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی عوکر لە جەرگەی بەیرووتی پایتەختی لوبنان راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لوبنان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی دیاریکراودا کەسێکی بە ڕەگەزی لوبنانی لە قەزای ئەلکیفائات دەستگیر کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەقەرەکە دانی بەوەداناوە کە تەقەی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کردووە، هەروەها دەست بەسەر ئەو چەکەیدا گیراوە کە لە هێرشەکەیدا بەکاری هێناوە، لێکۆڵینەوەش لەژێر چاودێری دەسەڵاتی دادوەری بەردەوامە.

رۆژی 20ی ئەیلوول، میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردەوە، رووداوێکی تەقەکردن لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت روویداوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.

 ماڵپەڕی "لوبنان 24" بڵاویکردەوە، "ئۆتۆمبێلێکی رەنگی رەش لە جۆری پاس فیندەر، کە جامەکانی رەش بوو، تابلۆی ئۆتۆمبێلی پێوە نەبوو، لە بەردەم باڵیۆزخانەکەدا تێپەڕی و تەقەی لە دەروازەی سەرەکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کردووە".

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، فیشەکەکان هی چەکی کڵاشینکۆف بوونە، هەروەها ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سەر بە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا فیشەکی بەرکەوتووە.