لاهور شێخ جەنگی هەڵوێستی خۆی لەبارەی کۆنگرەی یەکێتی ئاشکرا دەکات

کۆنگرەی یەکێتی لەناوخۆی حزبەکە ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە
لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

K24 – هەولێر

ژمارەیەک لە سەرکردە و کادیرانی یەکێتی رەخنە لە کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەیان دەگرن و دەنگی ناڕەزایەتی لەناو ئەو حزبە بەرزبووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆش لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی کۆنگرەی یەکێتی ئاشکرا بکات.

بڕیارە سبەی چوارشەممە 27/9/2023، یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لە سلێمانی ببەستێت، بەڵام بەر لە کۆنگرە دەنگی ناڕەزایەتی لەناو سەرکردە و کادیر و ئەندامانی حزبەکە بەرزبووەتەوە و ژمارەیەکیان بایکۆتی کۆنگرە دەکەن و هەندێکیشیان رەخنە لە پشتگوێخستنیان دەگرن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی گوت: "ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا هەڵوێستی خۆی و سەرنج و تێبینییەکانی لەبارەی کۆنگرەی یەکێتی دەخاتەڕوو".

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، کە بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەی ناکات و ئۆباڵی بەشداری نەکردنی خۆی و ژمارەیەک لە سەرکردەی دیاری یەکێتی دەخاتە سەر مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی.

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆنفرانسی مەڵبەندەکان بۆ کۆنگرە، نەک هەر رێگری لە هەندێک کادیری تێکۆشەر کراوە، بەڵکو بە ئەندامانیان گوتووە دەنگیان پێ مەدەن نەیانهێشتووە دەربچن. گوتیشی: "یەکێتی ئێستا کە لەوپەڕی لاوازی دایە هەموو نەک لەگەڵ رەوتەکانی دەرەوەی یەکێتی، بەڵکو رەوت و بۆچوونە جیاوازەکانی ناو یەکێتی هەموو دەرگا و پەنجەرەکانی داخستووە، ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە".

دەشڵێت: "لە ئەنجومەنی راوێژکاری و پشتیوانی نەیانهێشتووە دوو کەس بچنە کۆنگرە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی بۆی هەیە 100 کەس بباتە ناو کۆنگرە".

مەلا بەختیار، لەو پەیامەدا گوتی: "لەم کۆنگرەیەدا لاهور شێخ جەنگی و هەڤاڵەکانی بە تەواوی دەخرێنە دەرەوەی یەکێتی کە ئەمەش هەڵەیە، دەبینین لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان چ  کاردانەوەیەک بۆ یەکێتی دروست دەکات".

هەر لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا دژی کۆنگرە لەناو یەکێتی مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە پەیامێکدا لەژێر ناونیشانی "چیمان چاند ئێستا چی دەدورینەوە؟"، ئاماژەی بەوەکردووە، "بە گوێرەی (قانون الأحزاب العراقية) نابێ رێگە بدرێت سوپا و پۆلیس و دەزگای هەواڵگری، دەستوەربداتە كاروباری حزبێكی سیاسی. لەڕووی  یاساییەوە دەتوانرێت لێپێچینەوەی یاسایی لە رێگەی دادگای فیدراڵی و دادگای لاهای لەسەر ئەم كەیسە بكرێت".

مامۆستا جەعفەر باسی لەوەشکردووە، "یەكێتی جاران خۆی بە خزمەتكاری خەڵك دادەنا. ئێستا تەنانەت وەبەرهێن و بازرگانەكانیش ژیانیان تاڵ كراوە، بە سەرانە لێ سەندن و  باجی لاكۆڵان و چاوسووركردنەوە و كەڵەگاییەتی".

سەردار هەرکی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، یەکێکی دیکە لەو سەرکردانەی یەکێتی کە رەخنە لە کۆنگرەی حزبەکەی دەگرێت و رایگەیاند، بەشداری لە کۆنگرە ناکات. لە پەیامێکدا نووسیویەتی: "كۆنگره‌ به‌مشێویه‌ زیانی گه‌وره‌ به ‌ئاشتی ناوخۆیی و یه‌كریزی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌گه‌یەنێت، هاوكات ده‌بێته‌ هۆی سه‌پاندنی واقعێكی  ناكۆك له‌گه‌ڵ بنه‌ما و پره‌نسیپه‌ نه‌گۆڕه‌كانی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی له‌ ئازادی و رێڕه‌وی دیموكراسی.  بۆیه‌ ده‌مه‌وێت به‌ هه‌موولا رابگه‌یێنم كه‌ له‌م بارودۆخه‌دا به‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی مێژوویی خۆم هه‌ڵده‌ستم و نابمه‌ به‌شێك له ‌دروستكردنی بارودۆخێك كه‌ لێكه‌وته‌كانی زیان به ‌یه‌كێتیی و‌ بەهاكانی دیموكراسیه‌ت له‌ كوردستان ده‌گه‌یەنێت".

دوای دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، دۆخی ناوخۆی یەکێتی ئاڵۆزی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. بەگوێرەی زانیارییەکان زۆر لە سەرکردە و کادیرەکانی یەکێتی ناڕازین لە کۆنگرەی حزبەکەیان، بەڵام بەشێکیان بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

ژینۆ محەممەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی سەرکردایەتی دوور خراونەتەوە، نووسیویەتی: "نەچووینە ژێر باری هیچ هەڕەشە و هەوڵدانێك بۆ رازی کردنمان بە ئیمتیازات، بۆیە جێگەی شانازیمانە کە ئەوە ئێمەین بەشداری کردنمان لە سیاسەتی بەرەو هەڵدێر بردنی یەکێتی رەتکردەوە و ئامادە نەبووین ببینە بەشێك لەو نەهامەتیانەی بەسەر یەکێتیەکان و میللەتەکەمان دا دەهێنرێت و هەر لە سەرەتاشەوە  درکمان بەوە کرد کە ئەنجامەکانی 8ی تەممووز و سیاسەتی ناسیاسیانەی بەڕێوەبەرانی ئێستای یەکێتی بۆ  یەکێتی و گەلەکەشمان باش نابێت".

لە کۆبونەوەی رۆژی یەکشەممە (20ـی ئابی 2023)، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکووک بڕیاردرا رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023) کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە (21ـی کانوونی یەکەمی 2019) کۆنگرەی چوارەمی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا و بەشێک لە پەیکەری رێکخستنی حزبەکەی گۆڕی و بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی لەناو حزبەکە داهێنا، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە، رووداوەکانی هەشتی تەمموزی 2021ـی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێک لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە دوورخرانەوە، دواتر بە بڕیارێکی دادگا ئەو مافە بۆ لاهور شێخ جەنگی گەڕاوەتەوە کە دەسەڵاتەکانی خۆی پەیڕەو بکات، بەڵام لەناو حزبەکەی رێگریان لێ دەکرێت.