وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رێگە بە ئەمیر عەبدوڵلاهیان نادات سەردانی واشنتن بکات

ئەمەریکا داواکارییەکی وەزیری دەرەوەی ئێران رەت دەکاتەوە
ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران
ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، حکومەتی ئەمەریکا داواکاری بەرپرسانی ئێرانی بۆ گەشتکردن بۆ واشنتن رەتکردووەتەوە.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای کردووە رێگەی پێبدرێت سەردانی واشنتن بکات، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە.

میلەر گوتیشی: ئێمە پابەندین بەوەی رێگە بە بەرپرسانی ئێران و وڵاتانی دیکە بدەین سەردانی نیویۆرک بکەن بۆئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن، بەڵام هیچ پابەندییەکمان نییە تا رێگە بدەین بەرپرسانی ئێرانی سەردانی واشنتن بکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رەتکردنەوەی داواکارییەکەی وەزیری دەرەوەی ئێرانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکی نایاسایی هاووڵاتییانی ئەمەریکی لە وڵاتەکەی دەستبەسەر کردووە و پاڵپشتی تیرۆر دەکات، گوتیشی: پێمان وانەبوو کە پەسەندکردنی ئەو داواکاریە کارێکی گونجاو بێت.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیویۆرکی کردبوو و، بەپێی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەو ماوەیەدا کە لە نیویۆرک بووە داوای کردووە سەردانی واشنتن بکات.