رۆژنامەیەکی بەریتانی: شازادە هاری بۆ مانەوە لە کۆشکەکانی شاهانە دەبێت مۆڵەت وەربگرێت

هاری و مێگان
هاری و مێگان

K24 - هەولێر

لە راپۆرتێکی رۆژنامەوانیدا هاتووە، داوا لە شازادە هاری کراوە ئەگەر بیەوێت لە یەکێک لە شوێنی نیشتەجێبوونی شاهانە بمێنێتەوە، دەبێت پێشوەختە ئاگاداری کۆشکی باکینگهام بکات.

رۆژنامەی زە تێلێگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، کۆشکی شاهانە رەتیکردۆتەوە مۆڵەت بداتە هاری تەمەن 39 ساڵ بۆ مانەوە لە قەڵای ویندسۆر، کاتێک سەرەتای ئەم مانگە گەشتێکی بۆ لەندەن کردووە بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکی خێرخوازی و ویستوویەتی لەو قەلایە بمنێتەوە.

رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، هاری پرسیاری ئەوەی لێکردووە کە ئایا دەتوانێت لە قەڵای ویندسۆر بمێنێتەوە؟ هەروەها داوای مۆڵەتی کرد بۆ سەردانی گۆڕی داپیرە کۆچکردووەکەی ئەلیزابێس لە کەنیسەی سانت جۆرج لە ویندسۆر.

بەڵام دەگوترێت کۆشکەکە نەیتوانیوە لەناکاو و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە داوای مانەوەی هاری پەسەند بکات.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، هاری دوای بەشداریکردنی لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی "ویڵ چایڵد" پەیوەندی بە کۆشکی باکینگهامەوە کرد و خواستی خۆی دەربڕی بۆ بینینی باوکی شا چارڵز و مانەوەی لەگەڵیدا، پێش ئەوەی هاری گەشت بکات بۆ شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی ئینڤیکتۆس، لە بەرامبەردا کۆشک داوای لە هاری کرد داواکارییەکی فەرمی لەو بارەیەوە پێشکەش بکات.

روون نییە کە ئایا شا چارڵز ئاگاداری ئەم نامەنووسینەی نێوان هاری و کۆشکەکە بووە یان نا، بەڵام رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆشکەکە پێشنیاری کردووە سەردانی باوکی بکات لە بالمۆرال، بەڵام شازادەی بەریتانیا گوتیەتی، سەرقاڵی گەشتەکەی وایکردووە ئەو کارە مەحاڵ بێت.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، هاری هێشتا رێگەی پێدەدرێت لە هەریەکێک لە شوێنی نیشتەجێبوونی شاهانەدا بمێنێتەوە، بەڵام تەنها ئەگەر پێشوەختە کۆشکەکە ئاگادار بکاتەوە.

هاری و مێگان مارکلی هاوسەری لە سەرەتای ساڵی 2020 دەستیان لە ئەرکی شاهانەی خۆیان کێشایەوە و روویان لە کالیفۆرنیا کرد.

ئەو دوو هاوسەرە لە مانگی ئاداری 2021 چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ ئۆپرا ئەنجامدا، لەو چاوپێکەوتنەدا هاری رایگەیاند، کە باوکی و براکەی "دیل"ی ررژێمن، و ئاماژەی بەوەشکرد کە "هەستی بە بێهیوایی کردووە لەلایەن باوکیەوە"، کە وازی لە وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکانی هێنا و پشتگیرییە داراییەکانی بۆ ئەو راگرتووە لەوکاتەی لەگەڵ هاوسەرەکەی سەفەریان کردووە بۆ ئەمەریکا.

دوای ئەم چاوپێکەوتنە، هاری بەردەوام بوو لە رەخنەگرتن لە خانەوادەکەی بە ئاشکرا، هەروەها خۆی و هاوسەرەکەی لە زنجیرە دۆکیۆمێنتارییەکدا لە تۆڕی نێتفلێکس دەرکەوتن و رەخنەیان لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ میدیاکان و بنەماڵەی شاهانەدا گرت، هەروەها چەند مانگێک لەمەوبەر کتێبێکی تایبەتی بڵاوکردەوە، کە پڕ بوو لە پرسی وروژێنەر دەربارەی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا و لایەنە نهێنییەکانی ژیانی تایبەتی ئەندامەکانی.