لەبارەی پابەندبوون بە خشتەی دابەشکردنی مووچە وەزارەتەکان ئاگادار دەکرێنەوە

K24 – هەولێر
سبەی چوارشەممە 27/9/2023، بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری داوا لە وەزارەتەکان دەکات، "بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری پابەندی خشتەی دابەشکردنی مووچە بن".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، بەبۆنەی ساڵیادی رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، سڵاوی خوای گەورەی لەسەر بێت، رۆژی چوارشەممە 27ـی ئەیلوولی 2023، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی (12ربيع الأول)، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبێتە پشووی فەرمی.
راشیگەیاندووە، پێویستە وەزارەتەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری پابەندی خشتەی دابەشکردنی مووچە بن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری روونیکردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2023 لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.