لەسەر شانۆگەری 'وەرن ببین بە سەگ' دوو هونەرمەند لە گەرمیان دەخرێنە زیندان

K24 - هەولێر:
لەسەر شانۆگەرییەک کە سێ ساڵ لەمەوبەر ئەنجام دراوە، دادگەی کەتنی کەلار بڕیاری راگرتنی بۆ دوو هونەرمەند دەرکرد.
دادوەری دادگەی کەتنی کەلار، بڕیاری راگرتنی بۆ هەریەک لە هونەرمەندان، عومەر عەبدوڵڵا و شکۆ عومەر دەرکردووە و ئێستا لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان دەستبەسەرن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری دەستبەسەرکردنیان بەهۆی کارێکی شانۆییەوەیە کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە قەزای کەلار ئەنجامیان داوە.
شانۆییەکە بەناوی (وەرن ببین بە سەگ)ـە و سێ ساڵ لەمەوبەر لەنێو قەزای کەلار ئەنجام دراوە و، تێیدا رەخنە لە هەندێك بابەت گیراوە.
بەشێك لە مامۆستایانی ئایینی پێیان وایە، "لە ناوەڕۆکی شانۆییەکەدا سووکایەتیان بەرانبەر کراوە"، هەر بۆیە لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان سکاڵای تۆمار کردووە.
دەستگیرکردنی ئەو دوو هونەرمەندە کاردانەوەی بەشێك لە هونەرمەندانی لێکەوتەوە و رایانگەیاند: ئێمە لەلای خۆمانەوە بە توندی ئیدانەی ئەم بڕیارەی دادگە دەکەین، هیچ مەعقول نیە دوو هونەرمەند کە یەکێکیان لە دێرینترین هونەرمەندانی گەرمیانە و ئەوەکەی تریشیان گەنجێکی بەهرەمەند و شانۆکارێکی ئەکادیمی شاری کەرکووکە، بەمشێوەیە بخرێنە زیندانەوە، لەکاتێکدا کارەکەیان کارێکی هونەرییە، هی ئەوە نییە بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
ئەو هونەرمەندانە داوا لە بەرپرسان و باڵادەستان دەکەن لەئاست ئەم بڕیارە بێنە دەنگ و بە زوویی ئەو دوو هونەرمەندە ئازاد بکرێن، راشیانگەیاند، "بەپێچەوانەوە رێگای دیکە دەگرینەبەر".
هەر سەبارەت بەو بابەتە هونەرمەندی شانۆکار، راڤیار نەوزاد بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوەی کە ئەم دوو هونەرمەندەی لەسەر گیراوە نمایشی شانۆییەکی سەرشەقامە کە لە شیعرێکی قوبادی جەلیلزادە بەناوی (وەرە ببین بە سەگ)ـەوە وەرگیراوە.
گوتیشی: خودی نووسەر ئەم شیعرەی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەبەردەم قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت خوێندەوە و هیچ کەسێک لەسەر ئەوە نەگیراوە و بەوجۆرە کاردانەوەی لێنەکەوتەوە.