رووسیا و ئەمەریکا لەسەر کێشەی قەرەباخ یەکتر تۆمەتبار دەکەن

K24 - هەولێر

مۆسکۆ و واشنتن یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە تێکدانی سەقامگیری ناوچەی قەوقازی باشوور، بەهۆی ترسی پاکتاوی نەتەوەیی ئەرمەنییەکان لە ناگۆرنۆ قەرەباخ کە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.

هەرچەندە ئەرمینیا لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت پشتی بە هاوبەشی ئەمنی لەگەڵ رووسیا بەستووە، بەڵام دوای هێرشەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا پەیوەندیی نێوانییان گرژ بوو.

ئاناتۆلی ئەنتۆنۆڤ باڵیۆزی رووسیا لە ئەمەریکا لە پلاتفۆڕمی تێلێگرام نووسیویەتی: "داوا لە واشنتن دەکەین کە خۆی لە قسە و کردارە زۆر مەترسیدارەکان بەدوور بگرێت کە دەبێتە هۆی زیادبوونی دوژمنایەتی دژە رووسیا لە ئەرمینیا".

ئەم لێدوانەی ئەنتۆنۆڤ ئەمڕۆ سێشەممە دوای لێدوانەکانی دوێنێی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هات، کە گوتبووی: کاتێک لە هەفتەی رابردوو ئازەربایجان ناگۆڕنۆ قەرەباخی داگیرکرد، رووسیا دەسروەدانی نەکردووە و رێگری لێنەکردووە.

ماتیۆ میلەر گوتەبێژی رووسیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: پێموایە رووسیا نیشانی داوە کە هاوبەشێکی ئەمنی متمانەپێکراو نییە.

هەزاران ئەرمەنی لە ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ بەهۆی شەڕەوە هەڵاتوون، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو شەڕ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە سەری هەڵدا.

باکو بەڵێنی دا مافی ئەرمەنەکان بپارێزێت کە ژمارەیان نزیکەی 120 هەزار کەسە و قەرەباخ بە نیشتیمانی خۆیان دەزانن. هەروەها نیکۆل پاشینیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، رووسیای بە بەرپرسیار زانی لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەرمەنییەکان.

مۆسکۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەرمینیا بەتەنها بەرپرسیارێتی سەرکەوتنی ئازەربایجان لە قەرەباخ لە ئەستۆ دەگرێت، چونکە لەبری ئەوەی لەگەڵ مۆسکۆ و باکۆ کاربکات بۆ ئاشتی، لەگەڵ رۆژئاوا کاری کردووە.