هەزاران کەس ناگۆرنۆ قەرەباغ بەرەو ئەرمینیا بەجێدێڵن

K24 – هەولێر:

حکومەتی ئەرمینیا لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، نزیکەی 20 هەزار کەس ناگۆرنۆ قەرەباغیان بەرەو ئەرمینیا جێهێشتووە، ئەمەش نزیکەی هەفتەیەک دوای هێرشی ئازەربایجان لەم ناوچە دابڕاوەی قەفقاز کە زۆرینەی دانیشتووانی ئەرمەنیین.

رۆژی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) ئان کلێر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، رایگەیاند، کە کۆچکردنی "گەورە"ی ئەرمەنییەکان لە ناگۆرنۆ قەرەباغەوە "لەژێر چاوی رووسیایەکی هاوبەشدا" روودەدات.

لە ساڵی 2020دا رووسیا هێزێکی ئاشتیپارێزی لە ناوچە دابڕێنراوەکەدا جێگیر کرد.

ئان کلێر، ئاماژەی بەوەشدا، "کە ئێمە ئازەربایجان بە تەواوی بەرپرسیار دەکەین لە چارەنووسی دانیشتوانی ئەرمینیا".

سەرچاوەیەکی حکومەتی ئازەربایجان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، پاسەوانانی سنووری ئازەربایجان بە دوای کەسانێکدا دەگەڕێن کە گومانیان لە ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" لە نێو ئەو پەنابەرانەدا هەیە کە ناگۆرنۆ قەرەباغ بەجێدەهێڵن بۆ ئەرمینیا.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "ئازەربایجان بە نیازە لێبوردن بۆ ئەو چەکدارە ئەرمەنییانە دەربکات کە چەکەکانیان لە قەرەباغ داناوە، بەڵام ئەوانەی لە کاتی شەڕەکانی قەرەباغدا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە دەبێت رادەستی ئێمە بکرێن".

 ێوارەی رۆژی دووشەممە، لەناو کۆچێکی بەکۆمەڵدا کۆگایەکی سووتەمەنی لەو ناوچەیەدا تەقیەوە و بەهۆیەوە لانیکەم 20 کەس گیانیان لەدەستدا و 280 کەسی دیکەش برینداربوون، دەسەڵاتدارانی جوداخوازیش داوای هاوکاریی بەپەلەی دەرەکییان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کارەساتە.

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، "لەو کارەساتەدا دەیان بریندار هێشتا باری تەندروستییان ناجێگیرە"، ئەوەشیان روونکردەوە، ئەو بریندارانەی بەدەست سووتاوییەوە دەناڵێنن گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ناگۆرنۆ قەرەباغ.

هەروەها بیست کەس گیانیان لەدەستداوە کە سێزدە کەسیان نەناسراون.

حکومەتی ئەرمینیا رایگەیاند، کە نزیکەی 20 هەزار کەسی وەرگرتووە، کە هەزاران دانیشتووی ناگۆرنۆ قەرەباغ بەهۆی بەردەوامبوونی جەنگە لەو ناوچەیەدا پەنایان بۆ ئەرمینیا بردووە.

"ئەوان ئێمەیان دەرکرد"

پیاوێک لە کاتی تێپەڕین بە بەردەم سەربازانی ئازەربایجان گوتی: "ئەوان ئێمەیان دەرکرد".

ئەم هاووڵاتییانەی کە لە ناگۆرنۆ قەرەباغ هەڵدێن، سەرەڕای ئەو بەڵێنەی کە ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان رۆژی دووشەممە دووپاتی کردەوە، کە مافی ئەرمەنییەکان لەم ناوچەیە کە لەلایەن سوپاکەیەوە داگیرکراوە، "گەرەنتی" دەکرێت.

ناوبراو شانبەشانی هاوتا تورکەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان کە رۆڵی سەرەکی لەم بەشەی قەفقازدا دەگێڕێت، دوای چەند رۆژێک لە سەرکەوتنی سەربازانی ئازەربایجان بەسەر هێزە جوداخوازەکان لە ناگۆرنۆ قەرەباغ کە زۆرینەی ئەرمەنییەکان تێیدا نیشتەجێن و کە دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت لە ساڵی 1921دا لکاندیان بە ئازەربایجانەوە.

وا بڕیارە یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل پێشوازی لە نوێنەرانی باڵای ئەرمینیا و ئازەربایجان بکات، دوو کۆماری سۆڤیەتی پێشوو کە لە ماوەی ساڵانی 1988 تا 1994لە ناگۆرنۆ قەرەباغ رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، لەو رووبەڕووبوونەوە سەربازیانەی نێوان هەردوولا لەو ناوچەیە 30 هەزار کوژراو لەنێوان هەردوولا تۆمارکراوە، هەروەها لە پاییزی 2020،  6500 کەس بەهۆی بەردەوامبوونی جەنگ لەو ناوجەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

چارڵز میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، سەرۆکایەتی ئەم کۆبوونەوەیە دەکات لە برۆکسل. ئازەربایجان و ئەرمینیا، هەروەها فەرەنسا و ئەڵمانیا، راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی خۆیان نوێنەرایەتی کۆبوونەوەکە دەکەن. هەروەها نوێنەری تایبەتی یەکێتی ئەوروپا لە باشووری قەوقاز، دیپلۆماتکاری ئیستۆنی تۆیڤۆ کلار بەشداری دەکات.

لەلایان خۆیانەوە نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، رۆژی 5ـی ئۆکتۆبەر لە شاری گرانادای ئیسپانیا بە بەشداری ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا و چارڵز میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا کۆدەبنەوە.

بەردەوامی لێشاوی پەنابەران

هاوکات، رۆیشتنی پەنابەران لە ناگۆرنۆ قەرەباغەوە بۆ خاکی ئەرمەنیا بەردەوام بوو، قەرەباڵغییەکی گەورەی هاتووچۆ لەسەر تاکە رێگایەک کە ستێپاناکێرت "پایتەختی" هەرێمەکە بە ئەرمینیا دەبەستێتەوە.

ئازەربایجان بەڵێنیدا رێگە بەو جوداخوازانە بدات کە چەکەکانیان رادەست دەکەن بچنە ئەرمینیا.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، لێشاوی پەنابەران بۆ شاری گۆریس دەستی پێکرد کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 20 کەسە و یەکەم وێستگەیە بۆ ئەوانەی لە ناگۆرنۆ قەرەباغەوە هەڵدێن.