هیمداد سەباح: هەندێک لایەن دژی پێکهاتەکان سیاسەت دەکەن

هیمداد سەباح، سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
هیمداد سەباح، سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان

K24  هەولێر:

سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، دەبێت دادگای فیدڕاڵی پێش بڕیاردان لێکۆڵینەوەی ورد بکات ئینجا بڕیاربدات، هەروەها دەشڵێت: پێکهاتەکان لە کوردستان مافیان پارێزراوە.

هیمداد سەباح، سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان پرسی پێکهاتەکان بە شێوەیەکی جیاواز زەق کراوەتەوە، وای لێهاتووە لە هەرێمی کوردستان لە ئەگەری روودانی گرفتی بچووکیش هەندێک لایەن هانا بۆ دادگای فیدڕاڵی ببەن، ئەوەش هەستێکی نیشتمانپەروارانە نییە، هەروەها ئەو لایەنانە هۆکاربوون پەرلەمانی کوردستان بەو رۆژە بگاتن و بە بڕیاڕی دادگای فیدڕاڵی هەڵوەشێتەوە.

لەبارەی سکاڵای هەندێک لایەنی سیاسی لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، دەبێت دادگای فیدڕاڵی پێش بڕیاردان لێکۆڵینەوەی ورد بکات ئینجا بڕیاربدات، هەروەها ئەو بڕیارانەشی کە دەیدات نابێت لایەنگیری پێوە دیار بێت و دەبێت لە بەرژەوەندی گشتی بێت.

سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە دۆسیەی پێکهاتەکان دراوە، هەروەها "ئێمە لەو کابینەیەدا وەزیرێکمان پێ دراوە ئەوەش خۆی لە خۆیدا  گرنگیدانە بە پێکهاتەکان".

هیمداد سەباح، هەروەها راشیگەیاند، زۆربەی حزبە کوردستانییەکان کێشە و گرفتی ناوخۆییان هەیە و زۆرینەی دەنگدەرانی خۆیان لەدەستداوە، ئەمەش وایکردووە لە پەرلەمانی کوردستان لاواز بن، بەڵام راستی خۆیان بەدیار ناخەن و پێکهاتەکانیان کردووەتە ئامانج و ناهێڵن پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: ئێمە چەندین جار داوامان لە سلێمانی کردووە، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پێکاهاتەی تورکمان بێت، بەڵام تا ئێستا رازی نەبوونە، پێکهاتەکان لە شارەکانی کوردستان مافیان پیشێل کراوە.

پێکهاتەکان دژی هەنگاوەکانی هەندێک لایەنی سیاسی دەوەستنەوە کە لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر ژمارەی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان سکاڵایان تۆمارکردووە و پێکهاتەکانیش دەڵێن، لە عێراق مافە دەستوورییەکانیان پێشێل کراوە، ئاماژە بەوەش دەکەن بەهۆی سیاسەتەکانی عێراقەوە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی کریستیان ئاوارەی دەرەوەی عێراق بوونە.