عومه‌ر سامه‌رائى: ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەدوور دەزانم

عومه‌ر سامه‌رائى، ئەندامی رەوتی حیکمە
عومه‌ر سامه‌رائى، ئەندامی رەوتی حیکمە

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی رەوتی حیکمە، دەڵێت، هەموو لایەنەکان پشتگیری لە حکومەتی عێراق دەکەن، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، کە نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی سەرەتا کە دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیە بۆ پێکهێنانی حکومەت.

عومه‌ر سامه‌رائى، ئەندامی رەوتی حیکمە، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، بەدووری دەزانم هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامبدرێت و بەدووری دەزانم ئەو جۆرە رووداوانە رووبدات، حکومەتەکەی سوودانی ئەرکەکانی بەباشی جێبەجێ دەکات و "ئێمەش پشتیوانی دەکەین".

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش، ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە دەڵێت، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە، حکومەتی عێراقیش پشتگیری کۆمیسیۆن دەکات، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجامبدرێت.

عومه‌ر سامه‌رائى، ئاماژەی بەوەدا، هیچ بابەتێکی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە، هەروەها ناکرێت شتێکی وا رووبدات، "ئەوەی دەشڵێت ئەنجامدەدرێت بەڕاستی شتێکی هەڵەیە، پێویستە خولی ئێستای حکومەت کۆتایی پێبێت بۆ ئەوەی دووبارە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش پشتگیری لە حکومەتی عێراق دەکەن".

سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، ئەگەر بڕیاروایە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، ئەوا لەلایەن خەڵکی عێراقەوە داوا دەکرا، هەروەها خۆپیشاندان دەکرا بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت.

ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە، لەبارەی گەڕانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی عێراق ئەوەی خستەڕوو، رەوتی سەدر بە ویستی خۆیان لە حکومەت کشاونەتەوە و هیواخوازین رەوتی سەدر بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بارودۆخی عێراق باشتر بێت.

عومه‌ر سامه‌رائى لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق، گوتی: ئێمە نامانەوێت بگەڕێنەوە چوارگۆشەی سەرەتا کە دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیە بۆ پێکهێنانی حکومەت. روونیکردەوە، بەڕاستی خەڵکی عێراق بارودۆخێکی خراپی بەهۆی ئەم حاڵەتەوە بینیوە و ساڵێک چاوەڕوانیان کردووە تاوەکوو حکومەتی عێراقی پێکهێنراوە.

لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی زە ناشناڵی ئیماراتی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "هەڵبژاردنی پێشوەختە کاتێک ئەنجامدەدرێت کە پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، حکومەتییش ئەو کات ئامادەدەبێت بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە، بەڵام بەپێی خوێندنەوەکانیان لایەنە سیاسییەکان متمانەیان بە حکومەتی ئێستای عێراق هەیە".