ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەکرێتەوە

یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) لە هەولێر
یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) لە هەولێر

K24 - هەولێر

بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە بەردەم قەڵای هەولێر و نێو بازاڕی گەورە یادی مەولودی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد (د.خ) دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، یادی لەدایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) لە شاری هەولێر دەکرێتەوە، کە هەموو ساڵێک لە رۆژی 12ـی رەبیعولئەوەلی کۆچیدا ئەو یادە دەکرێتەوە، خەڵکی لە مزگەوتەکان و بازاڕی شاری هەولێر ئاهەنگ دەگێڕن و شیرینی دەبەخشنەوە.

لە مەراسیمەکەدا خەڵکی بە گوتنەوەی سرودی ئایینی و موناجاتی ئیسلامی بەشدار دەبن، هەروەها هاووڵاتییان و کاسبکاران و دوکاندارانیش بە بەخشینەوەی شیرینی یادی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەکەنەوە.

بەشێک لە خەڵکی شاری هەولێر ساڵانە بەهۆی خۆشی ئەمڕۆژەوە، خزمەتگوزاری سەرتاشین و گواستنەوە بە تاکسی و پاس و دابەشکردنی ژەم و شیرینی و شەربەت و سازدانی ئاهەنگ بەخۆڕایی پێشکەش دەکەن، هەروەها دابەشکردنی ئاڵای دیاریکراو بۆ ئاهەنگی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ)، لە هەموو ناوچە و گەڕەکەکانی شار بە درێژایی ئەو رۆژە.

بەشێک لە موسڵمانان بیروڕای جیاوازییان هەیە، بۆ یادکردنەوەی ئەم رۆژە و بەبیدعە واتە(زیادکراو) دەزانن، بەڵام دکتۆر عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمانان سەبارەت بە یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: کۆبوونەوەی خەڵک و ئاهەنگگێڕان و یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر، وەک چالاکییەک تەماشا دەکرێت نەک نوێژ، نەک جەژنی ئایینی و حەج و تەواف.

ئاماژەی بەوەشکرد، یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر، تەنیا چالاکییەکی گشتییە و وەک زانایانی زانستی ئوسووڵ دەڵێن: ئەحکامە تەکلیفییەکان یاخود زۆرینەیان، بەسەریدا جێبەجێ دەبێت.

رای پەسەند لای دکتۆر عەلی قەرەداغی ئەوەیە: ئاهەنگگێڕان و یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی سەروەر (د.خ) رێگەیەکە لە رێگاکانی بانگەواز بۆ لای خوا و ناساندنی پێغەمبەرەکەی (د.خ) و بەرنامە و خوو و رەوشتەکانی، بەم پێیە ئیتر شەرعی و رێگەپێدراوە، بگرە مرۆڤ پاداشت لەسەر ئەنجامدانی وەردەگرێت.

مەولود رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد کوڕی عەبدوڵایە، کە لە رۆژمێری کۆچیدا دەکەوێتە 12ـی رەبیعولئەوەلەوە، بەبۆنەی ئەو رۆژەش لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی پشووی فەرمییە و موسڵمانان ئاهەنگ دەگێڕن و شیرینی دەبەخشنەوە، هەروەها لە مزگەوتەکان باسی ژیاننامەی پێغەمبەر (د.خ) دەکرێت و سروود و شیعریش دەخوێندرێتەوە.

لە سەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین لە ساڵی 1190ـی زایینی کە فەرمانڕەوای شاری هەولێر بووە، ساڵانە یادی لەدایک بوونی پێغەمبەری کردووەتەوە، کە  زۆرینەی خەڵکی شارەکە دەچنە دەرەوە و لە نزیک قەڵا کۆدەبنەوە بۆ ئاهەنگگێڕان بەم بۆنەیەوە.