یەکێتی لە کۆنگرە چی دەگۆڕێت؟

K24 – هەولێر
ئەمڕۆ 27/9/2023، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی پێنجەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی حزبەکە بەشداری لە کۆنگرەکەدا ناکەن.
لە کۆنگرەی پێنجەمی یهكێتی 600 ئهندامی كۆنگرهو ژمارهیهك سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری دەبن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەم کۆنگرەیەی یەکێتی ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بۆ 10 کەس کەمدەکرێنەوە و پێشنیازیش کراوە، سێ ئەنجومەن بەناووەکانی ئهنجومهنی باڵای سیاسی و بهرژهوهندییهكان، ئهنجومهنی سهركردایهتی و ئهنجومهنی پشتیوانی دروست بکرێن. هەروەها ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ 51 ئەندام كهمدهكرێتهوه كه یهك سهرۆك و 50 ئهندامی دهبێت، ههروهها ئهنجومهنی پشتیوانیی راستهوخۆ سهرۆكی یەکێتی خۆی سهرپهرشتی دهكات.
بەگوێرەی میدیای فەرمی یەکێتی لە کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکە، پهیڕهوی ناوخۆی حزب ههموار دهكرێتهوه و مهركهزییهت لهناو حزبهكهدا دهچهسپێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی بەشداری لە کۆنگرەدا ناکەن، ژمارەیەکیان وەک هەڵوێست بایکۆتی کۆنگرەیان کردووە و ژمارەیەکی دیکەشیان ئەوانەن کە لە 8ی تەمموز لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بە بڕیارێک لە ریزەکانی یەکێتی دوورخرانەوە.
لاهور شێخ جەنگی رۆژێک پێش کۆنگرە 26ی ئەیلوولی 2023، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "ئاشکرایە سەرانی ئێستای یەکێتی بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی بەزۆر سەپێندراوی نایاسایی و ناپەیڕەوی و بە پێشێلکردنی هەموو پرەنسیپ و ڕێکارە حیزبییەکان، یەکێتیی بەرەو لێکترازانێکی گەورە و هەژانێکی ناوخۆیی بەرن".
گوتیشی: "کۆنگرەیەک کە بێباکانە گوێ بە سەرکردە و خەباتی چەندین ساڵەی تێکۆشەرە ماندووەکانی نەدات و ئەزموون و پەرۆشییان بۆ داهاتووی حیزبەکە پەراوێز بخات، کۆنگرەیەک لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زۆرینەی ئەندام و کادیرەکانیدا نەبێت و گوێ بە نیگەرانییەکانیان نەدات، کۆنگرەیەک کە کەسانێک بەڕێگەی ناشەرعی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و بیانەوێت مەرامەکانی خۆیان بەزۆر بسەپێنن و بە ویستی خۆیان و تاکڕەوانە ژمارەیەک ئەندامی دڵخوازی خۆیان لە لیستێکی چەند سەد کەسیدا پەلکێشی هۆڵی کۆنگرە بکەن بۆ چەپڵە لێدان، کۆنگرەیەک کە پێشوەختە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ نەکرابێت و هەناسەی ئازادی و دیموکراسی لەناو حیزبەکەدا بخنکێنێت و شەنوکەوی نەکردبێت بۆ ئەو شکستانەی کە بە کاریگەریی سیاسەتی هەڵە لە ماوەیەکی کەمدا ڕووبەڕووی بۆتەوە و دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازیشی لەبەردەمدا بێت، ئەنجامەکەشی ڕوونە، کە چ ماڵوێرانییەک بەسەر ئەم حیزبەدا دێنێت".
پێشتر مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو، کە بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەی ناکات و ئۆباڵی بەشداری نەکردنی خۆی و ژمارەیەک لە سەرکردەی دیاری یەکێتی دەخاتە سەر مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 1ـی حوزەیرانی ساڵی 1975 دامەزراوە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چوار کۆنگرەی بەستووە، دوایین کۆنگرەی یەکێتییش لە ساڵی 2019 بەسترا و بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی لەناو حزبەکە هێنرایە ئاراوە، دوای 8ی تەممووز و دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی، یەکێتی سیستەمی هاوسەرۆکی هەڵوەشاندەوە.