ژنێکی هیندی لە تەمەنی 92 ساڵیدا فێری خوێندن و نوسین دەبێت

سەلیمە خان
سەلیمە خان

K24 - هەولێر

ژنێکی تەمەن 92 ساڵەی هیندی دوای ئەوەی بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا چووەتە قوتابخانە فێری خوێندن و نوسین بووە. دەشڵێت، نەوەکانم فێڵیان لێدەکردم بەوەی پارەی زیادییان لێ وەردەگرتم چونکە من نەم دەزانی بیان ژمێرم، بەڵام ئەو رۆژانە کۆتاییان هات.

سەلیمە خان لە ساڵی 1931 لەدایک بووە، لە تەمەنی 14 ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە، کە دووساڵ بەر لەکۆتایی هاتنی دەسەڵاتی داگیرکاری بەریتانییەکان بووە لە هیندستان، کە ئەکات خوێندن و نوسین خەون بووە.

سەلیمە خان خەڵکی پۆلاند شەهری ویلایەتی ئۆتار پرادیشی هیندستانە، دەڵێت: کاتێک گەنج بووم قوتابخانە لە گوندەکەمان نەبووە.

سەلیمە شەش مانگ پێش ئێستا شان بەشانی ئەو قوتابیانەی کە 80 ساڵ لە خۆی بچوکترن دەستی بەخوێندن کردووە، بەیاوەری هاوسەرەکەی دەچێتە قوتابخانە، ئەم چیرۆکەش دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک هاتە ئاراوە، کە لە ژمارە یەک تا 100 دەژمێرێت، دواتر لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوویەوە.

سەلیمە، بە "رۆژنامەی تایمز ئۆف هیندستان"ـی گوت: نەوەکانم فێڵیان لێدەکردم بەوەی پارەی زیادییان لێ وەردەگرتم چونکە من نەم دەزانی بیان ژمێرم، بەڵام ئەو رۆژانە کۆتاییان هات.

بەگوێرەی راپرسییەک کە لەساڵی 2011 کراوە، رێژەی خوێندەواری لە هیندستان لە 73%یە.

لاکشمی پاندی بەرپرسی پەروەردەی ناوخۆیی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، چیرۆکەکە ئەو باوەڕە بەهێزتر دەکات کە بەدواداچوون بۆ زانست هیچ تەمەنێکی نییە.

پاندی گوتیشی: خۆبەخشەکان لە دەستپێشخەرییەکی پەروەردەیی حکومیدا سەلیمە خانییان وەک قوتابییەکی لێهاتوو ناساند و هانییان دەدا کە بچێتە قوتابخانە.

 شارما بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە رۆژنامەی تایمز ئۆف هیندستانی گوت: مامۆستاکان لە سەرەتادا دوودڵ بوون کە وانە بڵێنەوە بە سەلیمە خان، بەڵام پەرۆشییکەی ئەوەندە بەهێز بوو توانی باوەڕیان پێبکات.

شارما بە رۆژنامەکەی راگەیاند، کە لەو کاتەوەی چووەتە قوتابخانە، 25 ژنی گوندەکەی دەستیان کردووە بە وانە خوێندنەوە.

کیمانی نگانگا مارۆجی کینیا لەلایەن کتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەییەکان، بە تەمەنترین کەس تۆمارکراوە کە قوتابخانەی سەرەتایی تەواو کردووە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2004 لە قوتابخانەی سەرەتایی خوێندوویەتی کاتێک تەمەنی 84 ساڵ بووە.