دلۆڤان محەممەد: ئامادەین سەرجەم بریندارانی حەمدانییە لە نەخۆشخانەکانی هەولێر وەربگرین

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، رایدەگەیەنێت، تا ئێستا 47 برینداری قەزای حەمدانییە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر، هاوکات دەشڵێت: ئامادەین سەرجەم بریندارانی حەمدانییە لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر وەربگرین.
دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تیمەکانی تەندروستی گەشتنە قەزای حەمدانییە و بریندارانی هۆڵی ئاهەنگەکەیان گواستەوە بۆ شاری هەولێر، هەروەها لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.
هەروەها راشیگەیاند، لە شاری هەولێر سێ نەخۆشخانە تەرخانکراون بۆ بریندارانی قەزای حەمدانییە، ئەوانیش نەخۆشخانەکانی ئیمەرجەنسی، کۆماری و رۆژئاوا، هاوکات تاکو ئێستا 47 بریندار گواستراونەتەوە بۆ شاری هەولێر.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، دەشڵێت: هەندێک لە برینداران رەوشی تەندروستیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕدان، هەروەها نەخۆشخانەکانی شاری هەولیر ئامادەن برینداری زیاتر وەربگرن ئەگەر هاتوو پێویست بکات.
جەختی لەوەشکردەوە، کە ئامادەن سەرجەم بریندارانی حەمدانییە لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر وەربگرن.
دلۆڤان محەممەد، ئاماژەی بەوەدا، 17 بریندار لە نەخۆشخانەی ئیمەرجەنسین و نزیکەی 8 برینداریش لە نەخۆشخانەی رۆژئاوایە و لەوێدا چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت، هەروەها بەشێک لە بریندارەکانیش چارەسەریان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، گوتی: بڕیاربوو گشت بریندارەکانی قەزای حەمدانییە لە نەخۆشخانەکانی شاری مووسڵ بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر، بەڵام هەندێک لە برینداران بەهۆی ئەوەی برینەکانیان سووکە لە نەخۆشخانەکانی شاری مووسڵ چارەسەریان بۆ دەکرێت.
هەروەها بەهۆی ئەم رووداوەوە گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانه‌ی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو، هاتووین لێره ده‌ستخۆشی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه به‌ڕاستی هه‌ر له سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد.
شه‌وی رابردوو له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له قه‌زای حه‌مدانییه، ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه و به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.